" زارا " ، یەکەم زنجیرە درامای کوردیی کەرتی تایبەت لە ئێران نمایش دەکرێ
زنجیرە درامای کوردیی زارا یەکەم زنجیرە درامای سەربەخۆی کوردیە لە دەرهێنانی پەیام حسێنی لە دەرهێنەری گەنجی سنەیی کە لە ئەمڕۆ شەممە بیستی گوڵانەوە لە سەر ماڵپەڕی "بانتا فیلم" نمایش دەکرێ .
دەرهێنەر ، ئامادەکار و نووسەری زنجیرە درامای زارا ، لە نێو پەیامنێراندا گوتی : زنجیرە دامای زارا یەکەم زنجیرە درامای دڵداریی کوریە کە بە شێوەی سەربەخۆ لە رۆمانەکەی محەمەد قازی نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد وەرگیراوە .
حسێنی ، ئامانج لە سازکردنی ئەم زنجیرە درامایەی ئاوڕدانەوە لە کولتور و دابونەریتی کوردی زانی و گوتی 70 کەس لە کاری ئامادەکردنی زنجیرەکەدا بوون و هیچ سپۆنسەرێکمان نەبووە وبە تەواوەتی هی کەرتی تایبەتە .
وتیشی : یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئەم زنجیرە درامایە " ئەوین رەحمان "پێشکەشکاری ناسراوی هەولێرە .
هەروەها گوتی ئەم زنجیرە درامایە بە شێوەی ئۆنلاین و بە ژێرنووسی فارسی لە هەموو شارەکانی ئێران نمایش دەکرێ .
زارا ، کچی بازرگانێک بووە کە بۆ ژیان روودەکەنە لادێ و لەوێ کوڕە شوانێک عاشقی دەبێ و دواتر چیرۆکی عەشقی ئەو دوانە تراژدیایەکی لێدەکەوێتەوە .
چیرۆکی ئەم بەسەرهاتە کە یەکەم جار کۆچکردوو محەمەد قازی نوسیویەتی ، راست بووە و نووسەر ئاماژەی بەم بابەتە کردووە .