پێشانگای شێوەکاریی میهری دایک لە ھەرێمی کوردستان کرایەوە
حوزهیران 02, 2020 09:14 Asia/Tehran
پێشانگای شێوەکاریی "میهری دایک"، بۆ ٦ ژنی بەهرەمەندی سنوری شارۆچکەی سەیدسادق کرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، پێشانگاکە لەهۆڵی «وەلی دێوانە» لە شارۆچکەی «سەیدسادق»ی سنوری پارێزگای «سلێمانی» کرایەوە و لە لایەن گروپی «هێما»وە بۆ ٦ ژنی بەهرەمەند ڕێکخرابوو، بڕیاریشە ھەتا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت.
لە پێشانگاکەدا ٤٣ تابلۆ نمایشکراکراون کە سەرجەمیان گوزارشت لە سۆزو خۆشەویستیی دایک دەکەن، قەبارەی وێنەکانی ناو پێشانگاکەش ٥٠ سانتیمەتر بە ٧٠سانتیمەترە و لە وێنەکاندا بۆیەی زەیتی و قەڵەم ڕەساس بەکارهاتوون.
لە کردنەوەی پێشانگای "میهری دایک"دا، هونەردۆستان و سەرۆکی بەشێک لەفەرمانگە حکومییەکان و هاوڵاتیان بەشدارییان تێدا کردووە.