گیرانی سیخورێکی دەزگای هەواڵگریی "میت"ی تورکیا لە کۆبانی
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هەواڵگری کوردانی سوریا لە پرۆسەیەکی هەواڵگری سەرکەوتوودا توانیویانە سیخوڕێکی ترسناکی دەزگای هەواڵگری تورکیا "میت" لەشاری کۆبانی دەستگیربکەنو ناسنامەکەی ئاشکرا بکەن.
به گوێرەی هەواڵێکی شارپرێس ، دوای دەستگیرکردنیشی ئاژانسی هەواڵی هاوار ANHA، دانپێدانانی سیخوڕەکەی میتی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی لەوە کردووە، چۆن پەیوەندی بە هەواڵگری تورکیاوە کردووە و چۆن چۆنی بەهۆی زانیارییەکانی ئەوەوە دەیان گەنجی کورد لەسەر دەستی هەواڵگری تورکیا دەستگیر کراونو پێگە ئەمنی و هەستیارەکانی شارەکەی بۆ میتی تورکیا دەستنیشان کردووە.
سیخوڕە دەستگیر کراوەکە ناوی سەردار محەمەد عەبدییە و تەمەنی ٣٠ ساڵە و خەڵکی گوندی دۆنگەری باشووری کۆبانییە، کە هاوسەرگیری کردووە و کچێکی هەیە، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٩ لەچەندین ناوچەی کوردنشینی تورکیا کاری کردووە.
عەبدی باسی لەوەش کردووە، کە میتی تورکی بە پارە و ماڵ کار لەسەر راکێشانی گەنجانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا و تورکیا دەکەن و دەیانکەن بە سیخور لەسەر خزمو کەسوکاری خۆیان.