پێداگریی لەسەر گرینگیی هاوکاریی ئاسایشیی تاران و مۆسکۆ لەمەڕ قەیرانی سووریا
جێگری سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، وتی: هاوکاریی هاوبەشی ئاسایشیی ئێران و ڕووسیا لە سووریا ، یارمەتی فراوانی کرد بە جێگیرکرانی سەقام و هێمنی لەناوچەو لەناوبردنی تیرۆریزم لەو وڵاتە.
عەلی موتەهەری ئەمڕۆ دووشەممە لەدیدار لەگەڵ"ئەلیاس ئوماخانۆف" جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی فدراسیۆنی ڕووسیا لە مۆسکۆ، بەئاماژە بەهاوکاریی ناوچەیی و جیهانیی تاران و مۆسکۆ و کارتێکەرییە ئەرێنیەکەی لەسەر ئاسایش و ئاشتی جیهانی، وتی: تواناو پتانسێلی زۆری ئابووری و فەرهەنگی لەدوو وڵاتدا هەیە کە سوودوەرگرتن لێیان دەتوانێ ئاستی پەیوەندییەکان بەرزبکاتەوە.
جێگری سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، پێی داگرت لەسەر جێ بەجێ کرانی هەرچی خێراتری ڕێککەوتننامە ئیمزاکراوەکان، لابرانی کەندو کۆسپەکانی بەردەم کاروباری بانکی و بەکارهێنانی دراڤی خۆجێی لەئاڵووێرە ئابوورییەکان و پەرەی هاوکاریی پارێزگایی نێوان ئێران و ڕووسیا.
موتەهەری هەروەها وێڕای ڕەخنە گرتن لە چوونەدەری ئەمریکا لەڕێککەوتنی ناڤۆکی و سوپاس وێژیی لە هەڵوێست گرتنەکانی ڕووسیا لەو ڕێککەوتنەدا، وتی: ئێران هیچ چەشنە گۆڕان و یان چاکسازییەک سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی قەبووڵ ناکاو ئەو ڕێککەوتننامەیە دەبێ دەقاودەق جێ بەجێ بکرێ.
ئەلیاس ئوماخانۆف جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی فدراسیۆنی ڕووسیاش لەو چاوپێکەوتنەدا، چوونەدەری ئەمریکا لەڕێککەوتنی ئەتۆمی وەک لەبەرچاونەگرتنی ڕێککەوتنێکی گرینگی نێودەوڵەتی زانی و وتی: ڕەفتاری کرێت و سیاسەتی زۆردارانەی ئەمریکا بەرژەوەندیی وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان دەخاتە مەترسی.
ئوماخانف، هەروەها جەختی کرد لەسەر پەرەی هاوکاریی نێوان پارێزگاکانی ڕووسیاو ئێران و گۆڕینەوەی شاندە ئابوورییەکان و ناسیاری هەرچی زیاتری کەرتە تایبەتی و دەوڵەتییەکانی دوو وڵات لەگەڵ تواناکانی یەکتری.
جێگری سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لەسەرووی شاندێکی پەرلەمانی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ بەشداربوون لە جڤینی نێودەوڵەتیی گەشەی سیستەمە پەرلەمانییەکان سەردانی مۆسکۆی کرد.