عەراقچی: ئاڵۆزی لە گەرووی هورموز بە هۆی کردەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەو ئاڵۆزییەی کە ئێستا لە گەرووی هورموز بەدی دەکرێت و تێکچوونی پرۆسە ترانزیت و تێپەڕینی کەشتییەکان ، ئەنجامی ڕاستەوخۆی کردەوەی دەسترێژکارانەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنییە.
سەید عەبباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تەنیشت هۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە کوڕی پەیامنێراندا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستاش هەر پابەندە بە مافە نێودەوڵەتییەکان، میساقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێگای دیپلۆماسی، بەڵام ناکرێ وڵاتێک بخرێتە بەر پەلامار و هەڕەشە و گوڕەشە و هاوکات چاوەڕێ بن کە ئاسایشی دەریاییش هیچ کێشەیەکی بۆ ساز نەبێ. وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە پەلامارەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران، ئەوانی بە بنپێکەری مافە نێودەوڵەتییەکان زانی و وتی ژێرخانی مەدەنی و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنیش لەم پەلامارانەدا زیانیان پێگەیشتووە. عەراقچی پێیداگرت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەندامی پەیمانی قەدەغەی پەرەی چەکی ئەتۆمییە و بەرنامە ئەتۆمییەکانی خۆی بە ئاشتیانە دەزانێ. ناوبراو وتیشی: ئەم بانگەشەیە کە ئێران لە سەروبەندی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیدایە، درۆیەکی گەورەیە کە ڕژێمی زایۆنی یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٣ هێنایە ئاراوە و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایش لەو کاتەوە تا ئێستا هەر دووپاتی دەکەنەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە گەرووی هورموزیش وتی: ئێران پابەندە بە گەمیوانییەکی ئەمن و سەلامەت، بەڵام ئاسایشی دەریایی بە هەڕەشە و گوڕەشە و گەمارۆ و کردەوەی سەربازی دابین ناکرێ. عەراقچی هەروەها سەبارەت بە لێکگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا بەناوبژیوانی پاکستان و قەتەر وتی: ئێران دوابەدوای ئەم لێگەیشتننامەیە، دانوستانی تەکنیکی لەگەڵ عومان دەست پێکرد بۆ هاسانکردنی پرۆسەی هاتوچۆی دەریایی و لە ماوەی دوو هەفتەدا ئاستی هاتووچۆ و تێپەڕینی کەشتییەکان گەیشتە نزیکەی لە سەدا شەستی ڕادەی پێش جەنگ؛ بەڵام کردەوە سەربازییەکانی دواتری ئەمریکا جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەشی وەستاند. ئەمریکا لە جیاتی ئەوەی میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشە پێشبینیکراوەکان لە لێگەیشتننامە جێبەجێ بکات، ڕووی کردە دەستدرێژیی سەربازی. بەم حاڵەشەوە ئێران بەردەوام و بە نیازپاکییەوە پێی ناوەتە نێو دانوستانەوە. عەراقچی وتی: ئێران لە ڕێگای قەتەرەوە بەرنامەیەکی دیاریکراوی حەفت ڕۆژەی خستۆتە بەر دەستی ئەمریکا. بێتوو هەلومەرجی پێویست دابین بکرێ، ئەوا گەرووی هورموز دەکرێتەوە و تێپەڕین و ترانزیتی ئاسایی دەریایی لە ماوەی حەوت ڕۆژ دەست پێ دەبێتەوە. ئێستا ئیتر بڕیار بە دەستی ئەمریکایە کە کامە ڕێگا هەڵبژێرێت. عەراقچی لە کۆتاییدا جەختی کرد: ئێران ناچێتە ژێر باری زۆرەملێ، هەڕەشە و گوڕەشە و یان ترساندن، هەرگیزیش لە ژێر زەخت و گوشار دەست هەڵناگرێ لە مافەکانی دەسەڵاتدارێتی و سەروەریی خۆی.