ڕووسیا نۆ میدیای ئەمریکی بەسیخوڕ ناساند
وەزارەتی دادی ڕووسیا نۆ میدیای ئەمریکی لەوان دەنگی ئەمریکای وەک بەکرێگیراو و سیخوڕ ناساند.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فەڕانسە، ڤلادیمیر پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا یاسایەکی مۆرکرد کە ڕێگە بەدەزگەی دادەوانی ئەو وڵاتە دەدا، ژمارێک میدیا وەک بەکرێگیراو و سیخوڕ پۆلێن بکا.
رادیۆ دەنگی ئەمریکاو ڕادیۆ ئازادی ئوروپا(رادیۆ لیبرتی) کە لەلایەن کۆنگرەی ئەمریکاوە داکۆکی دراڤییان لێ دەکرێ، لەگەڵ حەوت میدیای دیکەی سەربە دوو ڕادیۆی ناوبراو، لەلایەن وەزارەتی دادی ڕووسیاوە وەک ئەو میدیایانە ناسێندراون کە کاری سیخوڕیی و شۆڤاری دەکەن.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕووسیا پێشتر پڕۆژەبڕیارێکی پەسەندکردووە کەڕێگە بەحکومەت دەدا هەر میدیایەکی بیانی کە سەرچاوە دراڤییەکەی لەدەرەوەی ڕووسیایە، وەک سیخوڕ و بەکرێگیراو لەقەڵەم بدات.
ئەو کردە لەکاتێکدا ئەنجام دەگرێ کە لەکۆتایی مانگی نۆڤمبەر، کەناڵی ڕاشاتودەی ڕووسیا لەئەمریکا لەسەر داوای وەزارەتی دادی ئەو وڵاتەو بەپێی یاسای تۆمارکردنی سیخوڕان وبەکرێگیراوان، بەفەرمیی وەک شۆڤارێک لەئەمریکا ڕاگەیێندرا.
حکومەتی ئەمریکا میدیا ڕووسییەکان بەتایبەت ڕاشاتودەی و سپۆتنیکی تاوانبارکردووە، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی رابردووی ئەمریکا هەوڵیان داوە کاربکەنەسەر بیروڕای گشتی و ڕەوتی هەڵبژاردنەکان بگۆڕن بەڵام مۆسکۆ ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوەو بەرپرسانی ئەمریکی تاوانبارکردووە بە بەدڕەفتاریی لەگەڵ میدیا ڕووسییەکان.