ژوماری دەسبەسەرکراوان لە ناڕەزایەتییەکانی فەڕەنسا گەیشتە ١٨٠٠ کەس
سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا وتی کە لە ناڕەزایەتیی دەربڕینی سەرتاسەریی رۆژی شەممەی ئەو وڵاتە هەزار و ٨٠٠ کەس گیران و ١٥٠ ئەفسەری پۆلیسیش بریندار بوون.
"سباستیەن لێکۆرنۆ" لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەو پۆلیسانەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان ڕەوانەی ناوەندی پاریس کرابوون، وتی: ئەوە موعجیزەیە کە ژمارەی کوژراوان بەرز نەبووەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا چەند کاتژمێرێک پێشتر ڕایگەیاندبوو کە نزیکەی ٤٠٠ کەس لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی شەممەدا دەستگیرکراون.
وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا هەروەها ڕایگەیاند، لە هەندێک شاردا کردەوەی وەک؛ هەوڵدان بۆ تاڵانکردن، پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، ئاگرتێبەردان لە کەرەستەو پێگە شارەوانییەکان و بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی کارەبا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕوویداوە. وەزارەتەکە هۆکاری نائارامییەکانی بۆ ڕەوتێک گەڕاندەوە کە بە "چەپی توندڕەو" وەسفی کرد.
ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا مانگی ڕابردوو لە قوتابخانە ئامادەییەکان لە دەورووبەری باکووری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دەستیپێکرد، کە وەک بەشێک لە ناوچە بێبەشەکانی پایتەختی فەرەنسا بەئەژمار دێن.
ناڕەزایەتیی سەرەتایی خوێندکاران لە ئامادەنەبوون و دۆخی خراپی دامەزراوە پەروەردەییەکان وردە وردە گەشەی کرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری دژی نایەکسانی و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتیەکان و دابەزینی پێوەرو ستانداردی خزمەتگوزارییە گشتیەکان.