عێراق سیستمی بەرگری ئاسمانیی دەکڕێ
https://kurdish.sahartv.ir/news/عێراق-i396547-عێراق_سیستمی_بەرگری_ئاسمانیی_دەکڕێ
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دووبارە باس لە کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکات، قسە لەسەر ئەگەری کڕینی ئێس-400ی ڕوسییە، ئەمریکا لە هەنگاوێکی لەوجۆرە نیگەرانە و هەڕەشەی سزادانی بەغداد دەکات.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 16, 2021 14:18 Asia/Tehran
  • عێراق سیستمی بەرگری ئاسمانیی دەکڕێ

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دووبارە باس لە کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکات، قسە لەسەر ئەگەری کڕینی ئێس-400ی ڕوسییە، ئەمریکا لە هەنگاوێکی لەوجۆرە نیگەرانە و هەڕەشەی سزادانی بەغداد دەکات.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نایف شەمەری وتی، لە یاسای بودجەی 2021دا بودجەی تایبەت تەرخانکراوە بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی وڵات بە چەکی پێشکەوتوو، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەکەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی ئەنجامداوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا عێراق لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای گرنگدا گرێبەست دەکات بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو.

باسی لەوەکردووە، ئەو گرێبەستانە بەتەواوی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی وەزارەتی بەرگریدایە و “ئێمە لە لیژنەی بەرگریی پەرلەمان تەنها چاودێریی گرێبەستەکان دەکەین”.

پێشتریش بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق باسیان لە کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس-400ی ڕوسی کردبوو، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە عێراقی و ئەمریکییەکان ویستی عێراقیان لەوبارەیەوە ئاشکراکردبوو.

بەڵام هەرزوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئەگەری کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس-400ی ڕوسی، سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنن.

ساڵی ڕابردوو مۆسکۆ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی عێراق و هاریکاریی سەربازی دەربڕی.

لە ساڵی 2017دا عێراق هەوڵی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ڕوسیی دا، بەڵام هەڕەشەکانی سەپاندنی سزای ئابوری لەلایەن ئەمریکاوە، گفتوگۆکانی لەوبارەیەوە ڕاگرت.