یونامی بە توندی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی شەرمەزار و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات
نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عێراق بە توندترین شێوە ئیدانەی هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران دەکات و رایدەگەیەنێت، هانی هەموو لایەنەکان دەدات کە بەرپرسیارێتی بگرنەئەستۆ بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆ بەمەبەستی کردنەوەی گرێیە سیاسییەکان و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندی نیشتیمانی لە عیراق دا.
نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندترین شێوە ئیدانەی هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی، دەکات، دڵخۆشی خۆی دەردەبرێت بەوەی کە سەرۆک وەزیران سەلامەت دەرچوو لە هێرشە بە دڕۆنەکەی سەر شوێنی حەوانەوەی لە بەغدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "تیرۆر و توندوتیژی و کاری نایاسایی نابێ ڕێگەیان پێبدرێت کاریگەری لەسەر سەقامگیری عیراق دروست بکەن و پرۆسەی دیموکراسی بە لاڕێدا ببەن".
نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەشی خستەڕوو، داوای خۆی دەخاتە پاڵ داواکەی سەرۆک وەزیران بۆ پاراستنی هێمنی و دانبەخۆداگرتندا، هەروەها، یونامی هانی هەموو لایەنەکان دەدات کە بەرپرسیارێتی بگرنەئەستۆ بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆ بەمەبەستی کردنەوەی گرێ و گۆڵە سیاسییەکان و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندی نیشتیمانی لە عیراقدا.