دادگای فیدراڵی هۆشیار زێباری لە کاندیدى پۆستى سەرۆک کۆمار دوورخستەوە
دادگای فیدراڵی عێراق سەرجەم رێکارەکانى کاندیدبوونى هۆشیار زێباری لە پۆستى سەرۆک کۆماری عێراق راگرت.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق کۆبۆوەو تیایدا بریاریدا سەرجەم رێکارەکانى کاندیدبوونى هۆشیار زێباری بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار رابگرێت.
دادگای فیدراڵی هۆکاری ئەو بریارەى گەڕاندووەتەوە بۆ نەبوونى مەرجە یاسییەکان لەکاندیدبوونى بۆ سەرۆک کۆمار.
هەروەها هەنگاوەکانى خۆ کاندیدکردن و پەسندکردنى لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراقەوە بە هەنگاوێکى دەستوری ناوبردووە کە پێچەوانەى مادەی ٦٨ لەدەستوری عێراقە.
هەروەها لە بڕیارەکەی دادگادا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم بڕیارە لەسەر سکاڵای یاسایی چوار پەرلەمانتاری عێراق بووە کە سێ پەرلەمانتاریان لە فراکسیۆنى یەکێتى و پەرلەمانتارێکیشیان سەربەخۆ بووە کە تیایدا سکاڵا لەسەر هۆشیار زێباری تۆمار کراوە بە تۆمەتى بە هەدەردان و خراپ سودوەرگرتن لە دارایی و موڵکى گشتى ئەو کاتەى کە وەزیرى دەرەوەو دارایی عێراق بووە.
هاوکات لە خاڵی دووەمى بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە کە هۆشیار زیباری لە ساڵى ٢٠١٨ بە نوسراوی ژمارە ٩٨-ق سکاڵای لەسەر بووەو بانگهێشتی دادگا کراوە، بەڵام ناوبراو ئامادەی بەردەم دادگا نەبووە.