کازمی داوای کۆبوونەوەی نیشتیمانیی تەواوی کۆتلە سیاسییەکانی عێراق دەکات
«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێ شەممە جەختی کرد کە، بۆ چارەسەریی چەقبەستوویی سیاسی لەم وڵاتەدا دەبێ وتووێژێکی نیشتیمانیی بەبڕشتانە ئەنجام بگرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەک دا بانگهێشتی هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراقی کردووە بۆ کۆبوونەوە لە کۆشکی حکومەت بە مەبەستی دەست پێکردنی دیالۆگێکی بەبڕشتانە لە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سیاسیی ئێستا.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی «مستەفا کازمی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە: لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانیی هاوبەش کە هەموو عێراقییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکێتی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی کۆدەکاتەوە، داوا لە برایان لە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەم، ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی حکومەت لە کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی دا بەشداربن بۆ ئەوەی دەست بە دیالۆگێکی بەبڕشتانە بکەین لەپێناوی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سیاسیی ئێستای وڵات.
کازمی ئاماژەی بەوەش کردووە، داوا لە هەموو لایەنە نیشتمانییەکان دەکەم ئاڵۆزیی جەماوەری و میدیایی رابگرن، دەرفەتی پێویست بدەن بۆ خستنەڕووی پێشنیاری گونجاوو گفتوگۆی نیشتمانی. دیارە بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە زمانی دیالۆگ سەربخرێت، دەرفەتی ئاشتی نیشتمانی بدرێت و رێگە لە ناکۆکییەکان بگیردرێت.