سێهەمین مێهرەجانی سەرتاسەریی کورتە چیرۆکی کوردی له مەهاباد بەڕێوە دەچێت
ماڵپەڕی هەواڵی هاژە بە هاوکاریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری مەهاباد بە بڵاوکردنەوەی بانگەشەنامەی سێهەمین خولی مێهرەجانی سەرتاسەریی کورتە چیرۆک، لە بەڕێوەچوونی ئەو مێهرەجانە لە ساڵی داهاتووی هەتاوی هەواڵی دا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە بانگەشەنامەی سێهەمین خولی مێهرەجانی کورتە چیرۆکی کوردیی هاژەدا هاتووە کە بابەتی چیرۆکەکان ئازادن و نابێ لە یەک لاپەڕە زیاتر بن و هەروەها نابێ پێشتر لە هیچ مێهرەجانێکدا ئاراستە کرابێتن یان لە شوێنێکدا بڵاو بووبێتنەوە.
لەو بانگەشەیدا بە ئاماژە بە دوامۆڵەتی ناردنی کارەکان لە ١٥ی ڕەشەممەی ئەوساڵی هەتاوی، داوا لە بەشداربووان کراوە کە تاقە بە یەک بەرهەم و ئەویش بە فۆنتی یۆنیکوردی سایزی ١٤ بەشداری مێهرەجانەکە بن.
خەڵاتی براوەی یەکەمی مێهرەجانی کورتە چیرۆکی هاژە ٧ ملیۆن ڕیاڵ لەگەڵ پەیکەرە و ڕیزنامە، کەسی دووهەم ٦ ملیۆن ڕیاڵ لەگەڵ پەیکەرە و ڕێزنامە، کەسی سێهەم ٥ ملیۆن ڕیاڵ لەگەڵ پەیکەرە و ڕێزنامە، کەسی چوارەم ٢ ملیۆن ڕیاڵ لەگەڵ پەیکەرە و ڕێزنامە و کەسی پێنجەم ٢ ملیۆن ڕیاڵ لەگەڵ ڕێزنامە ڕاگەیێندراوە.