قەنبەرپوور: پێرسپۆلیس شیاوی پلەی پاڵەوانیەتییە
«موستەفا قەنبەرپوور» جەختی کرد : لە ھەل و مەرجی ئێستادا ھیچ شتێک لە تەندروستیی خەڵک گرینگتر نییە و بە ھیواین ھەرچی خێراتر ئەم دۆخە کۆتایی پێ بێت.
«موستەفا قەنبەرپوور» لە پێشەنگانی یانەی پێرسپۆلیس ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا سەبارەت بەمەی کە لە ھەل و مەرجی ئێستادا داھاتووی لیگی ھەڵکەوتە چۆن ھەڵدەسەنگێنی: وتی: ھیچ شتێک لە تەندروستیی خەڵک گرینگتر نییە و بە ھیواین ئەم دۆخە ھەرچی خێراتر کۆتایی پێ بێت.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە، لەم بارەیەوە دەبێ کۆبوونەوەی بەردەوامی پسپۆڕانە بەڕێوە بچێت، بەڵام بە سەرنجدانی ئەمەی کە پێرسپۆلیس دە خاڵ لە تیمی دووھەمی خشتەکە لە پێشترە، ئەگەر بێتو لیگەکە پەکی بکەوێت دەبێ ناسناوی پاڵەوانەتیی بدرێتێ.
ئەم پێشەنگەی تیمی یاریزانانی تۆپی پێی یانەی پێرسپۆلیس وتیشی: لە ئێستادا ٢٧ خاڵ لە لیگەکەدا ماوەتەوەو وا باشترە بۆ ئەوەی ھیچ قسەوباسێک لە ئارادا نەبێت لیگەکە بەڕێوە بچێت. دەکرێ یارییەکان بەبێ ھاندەر بەڕێوەبچن و ئەوسا ئەو لایەنگرانی کە ھۆگری تیمەکەی خۆیانن دەتوانن لە ڕێگای تەلەفزیۆنەوە یارییەکان پێ و شوێن بگرن.
قەنبەرپوور وتیشی: دەبێ ھەمووان بزانین کە لە ئێستادا تەندروستیی خەڵک لە پێش ھەموو شتێکەوەیە، بەڵام دەشکرێ بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکان لیگیش بەڕێوە بچێت.
بە قسەی ناوبراو، چوان نییە ھێندێک لە تیمەکان بەدوای چەواشەکارییەوە بن ھەتا پێرسپۆلیس بەو مافەی خۆی نەگات کە ھەمان پاڵەوانەتییە، وا باشە تیمەکان و بەرپرسەکانیان لە گۆڕەپانی یارییەکاندا قسەی خۆیان بکەن.