13هەمین پێشانگەی هەمەجۆری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر
13 ههمین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانی نێودەوڵەتی، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر کرایەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کردنەوەی پێشانگاکە رایگەیاند: "ئێمە لە بەرنامەی کاری حکومەتی ھەرێم گرنگییەکی زۆرمان بە پێشخستنی ئابووری کوردستان داوە، ھیوادارم ئەم پێشانگایە ببێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ تێکەڵبوونی بازرگان و وەبەرھێنەران و خاوەنکاران لە ھەرێمی کوردستان و دەرەوە، بۆ ئەوەی ئێمە تەنھا پشت بە سەرچاوەیەکی داھات نەبەستین، بەرنامەمان ئەوەیە کە گرنگییەکی تەواو بە کەرتی ئابووری بدەین".
بە پێی راپۆرتی میایداکانی هەرێم ، بۆ ئەمساڵ 300 کۆمپانیا لە 22 وڵاتی جیاوازەوە بەشداریی لە پێشانگاکەدا دەکەن و ، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە یەک کاتدا دوو پێشانگا دەکرێتەوە، پێشانگای یەکەم (پرۆجێکت) تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوە و بیناسازیی، ھەروەھا پێشانگای دووەم تایبەتە بە کەرەستە و ئامێرە کشتوکاڵییەکان.
چەند کۆمپانیایەکی وڵاتانی چیک، کوەیت، قەتەر پاڵپشتی و سپۆنسەری پێشانگاکە دەکەن و چەند کۆمپانیایەکی گەورەی ناوخۆیش بەشدارن.
13مین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانی نێودەوڵەتی ھەولێر، رۆژانە لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و چەندین دیدار و پانێڵ بەڕێوەدەچێت و دەرئەنجامەکەی دەکرێتە یاداشنامەیەک و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.