Aug 23, 2019 09:24 Asia/Tehran
  • پێداگری سەرانی دەزگە سیانەکانی ئێراق لە سەر پێویستیی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە تەقینەوەی هەممارەکانی چەک و کەرەستەی جەنگی

سەرانی دەزگە سیانەکای ئێراق جەختیان کرد لە سەر پێویستیی ئەنجام درانی لێکۆڵینەوەیەکی تۆکمە و تەواو و لێکدرانەوەی هەموو زانیاری و دەیتاکانی هاوپێوەند بە تەقینەوەکانی ئەمدواییە لە هەممارەکانی چەک و کەرەستەی جەنگیی ئەم وڵاتە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە سومریە نیوز؛ ناوەندی راگەیاندنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێراق بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە "بەرهەم ساڵح"ی سەرۆک کۆمار، "عادڵ عەبدولمەهدی"ی سەرۆک وەزیران و "محەممەد حەلبووسی"ی سەرۆک پەرلەمانی ئەم وڵاتە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سەلامی شاری بەغدا کۆبوونەتەوە.

بە پێی دەقی ئەو بەیاننامەیە؛ کۆبوونەوەی سەرۆکانی سێ دەزگەی ئێراق چڕی کردۆتە سەر لێکدانەوەی بەربڵاوی باروودۆخی ئەمنی ئەم وڵاتە بەتایبەت تەقینەوەکانی ڕۆژانی ئەمدواییە لە هەممارەکانی چەک و کەرستەی جەنگی و لەم بارەوەیش بڕیار دراوە پێداگری بکرێ لە سەر پێویستی ئەنجام درانی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی هەموو زانیاری و دەیتاکانی بە دەست هاتوو لە لایەن ناوەندە نیشتمانییەکانی هاوپێوەند بە تەقینەوەکانی ئەمدواییەوە.

سەرانی دەزگەی سیانەکانی ئێراق هەروەها پێداگرییان کرد لە سەر  گرینگایەتیی پێبەند بوون بە هەڵوێستیی فەرمیی ئەم وڵاتە لە ناوەندە کارگێرییە جۆربەجۆرەکان و ناوەندەکانی یاسادانەر سەبارەت بە نەیارەتی لە گەڵ شەڕ و ڕایانگەیاند کە ئێراق هەڵوێستی خۆی لەم بوارەدا بە سوودی ڕۆڵی سەرەکیی خۆی لە ئاراستەی دەسراگەیشتن بە ئاشتی، گەشانەوە، پێشکەوتن و هاوکاریی ناوچەیی یەکلا کردۆتەوە.

لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەشدا هاتووە کە ساڵح، عەبدولمەهدی و حەلبوسی جەختیان کردووە کە هەرچەشنە بڕیارێکی ئاسایشی و سەربازی و رادەربڕین لەم بارەوە تەنیا بە ئیزنی فەرماندەری گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێراق  و لە چوارچێوەی یاسادا بێ، لە کاتێکدا کە  هەموو دەزگە ئەمنیەکان و فەرماندەری سەربازی و ئەمنی و ڕێبەرانی سیاسیش دەبێ پێبەندی ئەم مەسەلەیە بن.

شایانی باسە لە  ناوەڕاستی مانگی زایینی ڕابردووە تا ئێوارەی سیشەممەی ڕابردوو ، هەممارەکانی چەک و کەرەستەی جەنگیی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە چوار بنکەی سەربازی هەڵکەوتوو لە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە و سەلاحەدین تەقینەوەی گوماناوییان بە خۆوە بینیوە کە ئەگەری زۆرە بە هۆی پەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بووبێ ، بەم حاڵەشەوە تا ئێستا  هیچ چەشنە تۆمەتێکی فەرمی لەم بارەوە نەهاتۆتە ئاراوە و هیچ لایەنێکیش بەرپرسایەتیی ئەو تەقینەوانەی نەگرتۆتە ئەستۆ.

 

بۆچوونت