Dec 04, 2019 18:26 Asia/Tehran
  • قەیرانی عێراق و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش

لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی جموجووڵی پاشماوەکانی داعش، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئەو تاقمە تیرۆریستیە لە عێراقدا زیاتر بووەتەوە.

عێراق هەروا بەردەوام تووشی ناهێمنی و تووندوتیژیە، ڕەوشێک کە دژبەرانی نێوخۆیی بە پاڵپشتی تەوەری ئەمریکی/عەرەبی و عیبری لەو وڵاتەدا بەدییان هێناوە.

یەکێک لەو پەرۆشیە گرینگانەی وا سەبارەت بە عێراقی ئەمڕۆکە لەئارادایە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تاقمی تیرۆریستیی داعشە لەو وڵاتەدا، لەحاڵێکدا کە لە دێسەمبەری 2017، سەرکەوتن بە سەر داعش لە عێراق و نەمانی هەڕەشەی پارچە پارچە بوونەوەی ئەو وڵاتە ڕاگێندرابوو.

بەگشتی پێک هاتن و بەدەسەڵات گەیشتنی داعش دەرەنجامی ناپاوەجێیی سیاسی  و خۆش بوونی بواری کۆمەڵایەتی و ئابووریە لە وڵاتی ئامانجدا.

عێراق لە ساڵی 2014 دا بەرەو ڕووی ناکۆکی ڕەوت و لایەنە سیاسییەکان بوو لە پێناو وەئەستۆ گرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران و هەر لەو حاڵەشدا، هەژاری و گەندەڵییەکی ئاشکرا و نەهێنیش لەو وڵاتە لەئارادا بوو.

ئاژاوەنانەوەی دەورگێڕانی ناوچەیی و واوەناوچەییش لە دژی دەوڵەتی عێراق بەردەوام بوو، هەر بۆیە تاقمی تیرۆریستیی داعش خۆی گەیاندە عێراق، یەک لە سێی جوگرافیی ئەو وڵاتەشی خستە بن ڕکێفی خۆی و لەماوەی 4 ساڵاندا، کەتن و جینایەتی بێ وێنەی لە عێراقدا ڕەخساند.

عێراق لە دوامانگی ساڵی 2019 دەستەو یەخەی گەلێک قەیرانی جیاوازە، ناڕەزامەندی ئابووری جەماوەر بووەتە قەیرانێکی ئاسایشی و سیاسی. دەوڵەت توانای بڕیاردانی نەما و بێتوو تاقم و کۆتلە سیاسیەکان لەپەیوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران بە دەرەنجامێکی هاوبەش نەگەن بۆی هەیە وڵاتەکەیان تووشی بۆشایی سیاسیش بێت. پاشماوەکانی داعش بۆ گەیاندنی عێراق بەو قۆناغە جێ و شوێنێکی تایبەتیان لەلای ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنی، عەرەبستانی سەعوودی و ئیماراتەوە هەیە و هۆکاری بڕێک لە بشێوی و تووندوتیژیەکانی ئەم دوومانگەی دواییشن لە عێراقدا.

هەر لەم پەیوەندیەدا "سائیر بەیاتی" سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هۆزە عەرەبەکانی عێراق باسی ئەگەری هەڵاتنی 6 هەزار تیرۆریستی داعشی کردووە بە هۆی ناهێمنیەکانی ئەم دواییە لە زیندانی ناوەندیی شاری ناسریە لە پارێزگای "زی قاری" عێراق.

 لەلایێکی دیکەوە لەوانەیە تیرۆریستە داعشیەکان توانیبێتیان، بە بەهرە وەرگرتن لە بشێویەکان و بە یارمەتی هەندێک بەکرێ گیراوی نیوخۆیی و لەوانە پارتی هەڵوەشاوەی بەعس، لە زیندانەکانی عێراق هەڵبێن.

بە سەرەنجدان بەم هەلومەرجە، هێزە خۆبەخشە جەماوەریەکانی عێراق بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە تیرۆریستە داعشیەکان هەندێک جموجووڵیان لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەددین، ئەنبار، دیالە، کەرکووک و گەردوپەڕی بەغدا لە دژی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەس پێ کردووە، هۆشداریان داوە لەمەڕ مەترسی سەرهەڵدانەوەی تاقمی تیرۆریستیی داعش لەو وڵاتەدا.

 

 

سەرپەیڤ

بۆچوونت