Aug 25, 2019 08:30 Asia/Tehran
  • سەفین دزەیی: پرسە ئەمنییەکان، نەوت و بودجە تەوەرەی سەرەکیی دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدایە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاماژە بەوەی کە بڕیاری رادەست کرانی نەوت بە دەوڵەتی ئێراق لە لایەن هەولێرەوە دراوە وتی کە شاندێک لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی لێکدانەوەی پرسە ئەمنییەکان، مەسەلەی نەوت و بودجە سەردانی بەغدا دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی هەواڵی _ شرۆڤەیی شارپرێس؛ سەفین دزەیی لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند کە لە بواری سیاسییەوە  بریاری ڕادەست کرانی نەوت بە دەوڵەتی  ئێراق لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دراوە و تەنیا هەندێ پرسی تەکنیکی سەبارەت بە جێبەجێ کردنی ئەوم بڕیارە ماوە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی کە ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە وەبەرهێنان دەکەن لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، کاتێکیش بڕیار بدرێت ئەو نەوتە رادەست بکرێت، دەبێ ماف و شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە ڕەچاو بکرێت و دانوستان و ڕێککەوتن لەم بارەوە پێویستی بە کات و دەرفەتی شیاوە.

سەفین دزەیی وتیشی کە شاندێکی باڵا لە هەرێمی کوردستانەوە بەم زوانە بە مەبەستی دانوستان سەبارەت بە سێ پرسی سەرەکی لە گەڵ کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتی ئێراق سەردانی بەغدا دەکات.

ناوبراو پرسە ئەمنییەکان، مەسەلەی نەوت و بودجەی بە تەوەرە سەرەکییەکانی باس و دانوستان لە نێوان شاندەکەی هەرێم و دەوڵەتی بەغدا ڕاگەیاند.

 

بۆچوونت