ئادار 11, 2016 10:41 Asia/Tehran
  • بانگەشەی ئەحمەد شەهید بەدژی ئێران

ئەحمەد شەهید هەواڵنێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران جارێکی دیکە بانگەشەکانی خۆی بەدژی ئێران دووپات کردەوە .

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز ، لە ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەحمەد شەهید ی هەواڵنێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران ، ئێران ساڵی ڕابڕدوو نزیکەی 1000 زیندانی ئیعدام کردووە ، کە باڵاترین ڕێژە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوو بەئەژمار دێت .

ئەحمەد شەهید هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەسەدان ڕۆژنامە نووس و چالاکڤان و کەسایەتییە بەرهەڵستکارەکانی دەوڵەتی ئێران هەنووکە لە زیندان دان .

هەواڵنێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران هەروەها بە شێوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە منداڵانی کەمتر لە 18 ساڵیش نیگەرانی دەربڕیوە کە لەبەر ئەنجامی تۆمەت لەسێدارە دراون .

بەمحاڵەوە شەهید دانی نا بەوەی کە "ژومارێکی زۆر لە ئیعدامەکان لە ئێران لەبەر ئەنجامدانی تاوانی هاوپەیوەند بە ماددەی سڕکەر و گەندەڵیی دارایی و هەندێ چالاکیی جنسی و دەسدرێژکەری بۆسەر خەڵک" بوونە .

هەندێ لە چاوەدێران لەسەر ئەم باوەڕەن کە لەدوای ڕێککەوتننامەکەی ڤیەن واتە بەرجام ، کە مانگی ژوئییە لە بواری ناڤۆکی دا لەنێوان ئێران و گروپی پێنج کۆیەک ، واتە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئاڵمان ئیمزا کرا و دەوڵەتە ئەوروپییەکان و ئەمریکا بەڵێنیان دا بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە بایکۆتەکانی سەر ئێران هەڵگیرێن ، بزاڤێکی بەرەبەرە لەپێناو بەردەوام کردنی گوشارەکان لەسەر ئێران دەسپێکراوە .

لەم ڕەوتەدا بە شێوەی هاوکات هەوڵ دەدرێت تاکوو سیمایەکی چەواشە کراو لە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران ، بە کۆمەڵگای جیهانی پیشان بدرێت.