قاسمی : سەعودییەکان لە پاڵ زایونییەکاندا بوونەتە ھێمای سنووربەزاندن و دڕندەکاری لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین دا
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: دەستەڵاتدارانی ئێستای عەرەبستانی سەعودی لە پاڵدەستی ڕژێمی زایونی ، خۆیانیان کردووە بە ھێمای سنووربەزاندن و دڕندەکاری لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین دا .
بەھرام قاسمی ڕۆژی چوار شەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە قسەکانی دژی ئێرانیی موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعودی لە گەشتەکەی بۆ فەرانسا، وتیشی: وڵاتان و گەلانی ناوچەکە ڕۆڵی عەرەبستانی سەعودی لە مەڕ دروست کردن و برەو پێ دان و پڕچەک کردنی توندئاژۆ و دەمارگرژان و تیرۆریستانی وەک قاعیدەو داعشیان قەت لە بیر ناچێتەوە کە دڕندەکاری و کارەساتی مرۆڤانەی بێ ئەژماریان لە ھێندێک لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەو جیھاندا خولقاندووە.
بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، وتیشی: ئەگەر دەستەڵاتدارانی سەعودی لەمەڕ پاساکردنی سیاسەتە بێ ئەنجام و ھەرەس ھاتووەکانیان لە دەست درێژکاری بۆ سەر یەمەن و ھاوتەریبی لەگەڵ ڕژێمی داگیرکەری زایونی پێویستیان بە داپۆشینی کارنامەی نەگریس و چەپەڵەکەیانە، ئەویش بە خەرج کردنی ملیاران دۆلارو پشتیان بە کڕینی پشتیوانیی بڕێک لە وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە بەستووە، دەسا با ئاوڕێکی دیکە لە مێژووی نەک ھێندەش دووری ناوچەکەو بەتایبەت چارەنووسی دۆست و ھاوپەیمانە ناوچەییەکەیان واتە سەددامی دیکتاتۆری لەنێوچووی عێراق بدەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی عەرەبستانی سەعودی پێشترو ئێستاش بە سیاسەتی ھەڵەو ھاوپەیمانی لەگەڵ ڕژێمی زایونی ، ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیایان تووشی کێشەو ناپاوەجێیی و شەڕی بەردەوام و درێژ ماوە کردووە.
بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، ھیواداری دەربڕی کە: کاربەدەستانی فەرانسی لە وتووێژەکانیان لەگەڵ کاربەدەستانی سەعودی ، چارەنووسی دەست درێژکاران و دیکتاتۆرەکانی پێشووی ناوچەکەیان وەبیری میوانەکانیان بھێننەوە.
موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعودی لە گەشتەکەی بۆ پاریس و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسا لە بانگەشەو بوختانێکی بێ بنەماو ھەزار پاتەوە بوودا ئێرانی بە پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم تۆمەتبار کرد.