رۆحانی: ئوروپا لەمەڕ بەرجام دەرفەتی کەمی لەبەردەمدایە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە سەبرو دانبەخۆداگرتنی تاران لەماوەی یەکساڵی ڕابردوو سەبارەت بە پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: ئەندامە ئوروپییەکانی بەرجام، دەرفەتێکی زۆر کەمیان هەیە.
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی دووشەممە هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی نامەی مانەوەی "فیلیپ تییە بوو"باڵوێزی نوێی فەڕانسە لەتاران، بەئاماژە بەوەی کە بارودۆخی ئێستا زۆر ناسک و هەستیارە، وتی: نەمانی بەرجام، بەقازانجی ئێران، فەڕانسە، ناوچەو جیهان نییە.
رۆحانی وتی: دانانی بەرتەسکی و قەدەغە لەلایەن ئەمریکاوە دژ بەئێران لەبڕێک بابەتدا لەوان هاوردەی دەرمان و کەرەستەی پزشکی، پارچەی یەدەکی فڕۆکەی موسافرهەڵگر، تیجارەتی خۆراک و یان پارچەکانی ژمارێک کارگە تەواو نائینسانییەو پێشاندەری شەڕی ئابوریی بەرفراوانی ئەمریکا لەگەڵ خەڵکی ئێرانە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئیرادەی تاران بەهێزکرانی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ فەڕانسە لەگشت بوارەکانداو بەتایبەت بواری ئابورییە، وتی: نابێ ڕێگەبدرێ هیچ هۆکارێک پێش بگرێ بە پەرەی پەیوەندیی وهاوکاریی هاوبەشی تاران و پاریس.
فیلیپ تییە بوو باڵوێزی نوێی فەڕانسە لەتارانیش بە ئاراستەکردنی نامەی مانەوەی بە سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: تاران هەموو وادەو بەڵێنیەکانی لەمەڕ بەرجامدا جێ بەجێ کردووەو فەڕانسە تێدەکۆشێ ئەو ڕێککەوتنە کە کۆمەڵگای جیهانی پاڵپشتیەتی، بپارێزێ.
باڵوێزی فەڕانسە لەئێران بەئاماژە بەوەی کە فەڕانسە سورە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا لەگشت بوارەکان پەرە پێ بدات، وتی: حکومەتی فەڕانسە ئەوپەڕی هەوڵی دەدا بۆ پەرەی هاوکاریی ئابووریی وڵاتەکەی لەگەڵ تاران.