جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: ئامادەین لەبارەی پیتاندنی ٦٠% لەگەڵ واشینگتۆن دانوستان بکەین
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران پێیداگرت ئێران ئامادەی تەعامول و راهاتنە لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەو مەرجەی کە ئەمریکا ڕاسبێژیی خۆی بە کردەوە بسەلمێنێ.
مەجید تەخت ڕەوانچی لە چاوپێکەوتنێکدا، وێڕای ئاماژە بە ئیرادەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر گەیشتنە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، جەختی لەوەش کردەوە کە ئێستا ئیتر تۆپ لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە و کاتی سەلماندنی خواستی ڕاستینەیەتی بۆ ڕێککەوتن. ناوبراو وتیشی: ئەگەر ئەمریکییەکان ڕاستگۆ بن، دڵنیام کە ئێمە لە ئاراستەی ڕێککەوتندا دەچینە پێشەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە خولی دووەمی دانوستانەکان ڕۆژی سێشەممە لە ژێنێڤ بەڕێوە دەچێت، وتیشی: ئەگەر ئەمریکییەکان ئامادەبن باسی هەڵگرتنی گەمارۆکان بکەن، ئێمەش ئامادەین باسی پیتاندنی یۆرانیۆم ٦٠% و بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە بەرنامەکەمان بکەین.
حەمید قەنبەری، جێگری دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وتی: لە دانوستانەکانی داهاتووی ئێران و ئەمریکادا، جێی بەرژەوەندیی هاوبەش لە هەر دوو گۆڕەپانی نەوت و گاز، وەبەرهێنانی کانزاکان و تەنانەت کڕینی فڕۆکەش لە دەقی دانوستانەکاندا کراوەتەوە. ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئازادکردنی سەرچاوە بلۆککراوەکانی ئێرانیش بەشێک دەبێت لە ڕێککەوتنمان لەگەڵ ئەمریکا و ئازادکردنیان دەبێت ڕاستینە و بەکارهێنرانیان گونجاو بێت، نەک ئەوەی تەنیا شتێکی فۆرماڵیتە و یان کاتی بێ.
لە هەمان کاتدا ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی مەجلیسی ئێرانیش وتویەتی: نیگەرانین لە کاتبەفیڕۆدانی لە ژێنێڤ.
ئیبراهیم ڕەزایی باسی لەوەشکرد، دانوستانەکانی ژێنێڤ لەگەڵ ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە پرسی مووشەکی و پرسەکانی ناوچەکەوە نییە. ئێمە پێمان وایە کە ڕژێمی زایۆنی کێشەی سەرەکیی ناوچەکەیە و پێویستە هەڕەشەکانی ئەم ڕژێمە لە دەرەوەی ئەم دانوستانانە و بە فۆرمەتێکی دیکە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە تاوتوێ بکرێن بۆ دەستەبەرکردنی گەشەسەندن، ئاشتی و بەرژەوەندیی هاوبەشمان.ناوبراو پێیداگرت: تیمی دانوستانکار بۆ ئەوەی کات بەفیڕۆ نەچێت، پاکێجی پێشنیارکراوی خۆی ئامادەکردووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی ئەمریکاییەکان، ئێمە زۆر گەشبین نین بە ئەنجامەکەی.