ڕۆحانی: گەلی ئێران سەرکەوتووی گۆڕەپانی خەباتی دژ بە دوژمن دەبێ
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئاماژە بەوەی کە شەڕی دوژمنانی گەلی ئێران لە راستیدا شەڕی ویست و ورەکانە جەختی کرد: گەلی ئێران بە هیوا و سۆز و وزەیەکی زۆرەوە، دوژمنانی لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان هیوابڕاو دەکات و سەرکەوتوویی شەڕی ویست و ورەکان دەبێ.
"حەسەن ڕۆحانی" ئەمڕۆ (سێشەممە) لە ڕێ و ڕەسمی کەوتنەگەڕی ترمیناڵی موسافیریی "سەلام" لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی (رە) رایگەیاند: وێڕای زەخت و گوشاری دوژمنان کە دەیانهەوێ خەڵک هیوابڕاو بکەن، خەڵکی ئێران هەر ڕۆژەو هەنگاوێکی تازە لە ئابووری و بزووتنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەیان دەبینن.
ڕۆحانی بە ئاماژە بە هەوڵە دۆڕاوەکانی ئەمریکا بۆ پچڕاندنی پێوەندیی ئێران لەگەڵ جیهان وتیشی: وێرای هەوڵ و تەقەلای ئەمریکا، بەرپرسانی ئێرانی لە هەموو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا دەدرەوشێنەوە و پێوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە زۆر باشە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە درووست بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکا، وڵاتانی جیهان پەسنی ئێران دەدەنەوە، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئێران پێبەندی واژۆ، بەڵێن و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە و ئێستاکە هەموو جیهان ئەمریکا بە وڵاتی یاسابەزێن، بەڵێنشکێن و نەیاری یاسا و ڕێسا مرۆییەکان دەناسن.