ته‌مووز 11, 2019 07:22 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: پەرەپێ دانی پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان لەوانە ئەرمەنستان سیاسەتی بنەمایی ئێرانە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی سیاسەتی بنەمایی تارانی پەرەپێ دانی پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان لەوانە ئەرمەنستان ڕاگەیاندو پێی داگرت: ئێران ئامادەیە لە ھەموو بوارەکاندا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەرمەنستان پەرە پێ بدات.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «نیکۆل پاشینیان» سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان، ڕێککەوتنە بەربڵاوەکانی تاران و ئیرەوانی لە بواری جۆربەجۆر لەوانە لێژنەی ھاوبەشی ئابووری بە ھەنگاوێکی بایەخمەند لە ئاراستەی پەرە پێ دانی زیاتری ھاوکاری لێک دایەوە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە پەسەند کرانی ڕێککەوتنی پێکھاتنی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئابووریی ئوراسیا لە پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەم یەکێتییە، ھیوای خواست: ڕاپەڕێندرانی ئامانجە ئابووری و بازرگانییەکان و ھاوکاریی دراڤیی بەستێن بۆ گەشانەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی ئێران و یەکێتیی ئابووریی ئوراسیا خۆش کات.

«نیکۆل پاشینیان» سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستانیش لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئیرەوان لێبڕاوە ھەتاکوو لە ھەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران پەرە پێ بدات، وتیشی: ئەرمەنستان لێبڕاوانە ڕاپەڕێندرانی ڕێککەوتنە بەربڵاوەکانی لەگەڵ تاران پێ و شوێن دەگرێت.

«نیکۆل پاشینیان» ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە سەرۆکایەتیی دەورەیی ئەرمەنستان بە سەر یەکێتیی ئابووریی ئوراسیادا، بەشێوەیەکی فەرمیانە بانگێشتنی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامیی کرد کە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەم یەکێتییە کە یەکەمی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە ئیرەوان دا بەڕێوە دەچێت، بەشداریی بکات.

 

سەرپەیڤ