ته‌مووز 24, 2019 16:45 Asia/Tehran
  • رۆحانی: ئێران بەناوی دانوستان لەسەر مێزی خۆبەدەستەوەدان دانانیشێ

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: ئێران بۆ ئەنجامدانی دانوستانێکی دادگەرانە، یاسایی و مەزنانە ئامادەیی تەواوی هەیە، بەڵام بەناوی دانوستان، لەسەر مێزی خۆبەدەستەوەدان و بەچۆکداهاتن دانانیشێ.

"حەسەن ڕۆحانی" رۆژی چوارشەممە بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرباری هەموو زەخت وگوشارە دەرەکییەکان، پێملی زۆربێژییەکان نابێ، وتی: ئێران پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵێکی مۆڵەت دا بە لایەنەکانی بەرامبەر هەتا بتوانن بەڵێنیەکانیان جێ بەجێ بکەن، بەڵام ئێستا بە بایکۆت کردنی نەوتیی ئێران و بارودۆخی نوێ، کۆماری ئیسلامی بڕیارگەلی لێبڕاوانەی گرتووەتە بەر لەمەڕ کەمکردنی بەڵێنیەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنەکەی .

سەرۆک کۆماری ئێران، ئاماژەی کردە دەرفەتە شەست رۆژییەکانی تاران بەلایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ جێ بەجێ کردنی بەڵێنیەکانیان و وتی: بێتوو دەرفەتی شەست ڕۆژەی دووهەمیش کۆتایی پێ بێ و لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە، هیچ هەنگاوێک هەڵنەگرن، بێگومان ئێران هەنگاوی سێهەم هەڵدەگرێ.

ناوبراو، ئاسایشی کەنداوی فارس، دەریای عوممان و گەرووی هورموز بۆ ئێرانی بە گرینگ زانی و وتی: ئێران لەتەنیشت پاراستنی ئاسایشی کەنداوی فارس و گەرووی هورموز بۆ ئاسایشی هەموو ڕێگا ئاویەکانی جیهان لەوان "بابولمەندەب" و ئەقیانووسی هیند، هەوڵ دەدا.

رۆحانی، بەرپرسایەتی سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورموز و کەنداوی فارسی لەئەستۆی ئێران و وڵاتانی دراوسێ زانی و وتی: کردەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەمەڕ ڕاگرتنی کەشتی پێشێلکەری ئینگلیزی لە گەرووی هورموز کردەیەکی شیاو بوو و گشت جیهان دەبێ ڕێزی سپا بگرێ لەبەر دابین کردنی ئاسایشی کەنداوی فارس.

سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران قەت لەهەوڵی کێشەنانەوەو تێکهەڵچوون نەبووە، وتی: ئێران ڕێگەنادا وڵاتێک لە کەنداوی فارس و گەرووی هورموز بشێوی ساز بکاو هەوڵەکانی ئێران لەو ناوچەیە تائێستا هاوتەریب لەگەڵ پێشێلکارییەکانی لایەنی بەرامبەر بووە.

سەرپەیڤ