ته‌مووز 21, 2020 13:27 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی عێراق گەییشتە تاران

«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەبەستی دیدارو وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی پایەبەرزی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پایەبەرزی سیاسی_ئابووری گەییشتە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە ٣١ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٩ی کۆچیی ھەتاویگەییشتە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە دەم گەییشتنی بە فڕگەی نێونەتەوەیی میھرئابادی تاران لە لایەن «ڕەزا ئەردەکانیان» وەزیری وزەی ئێران پێشوازیی لێ کرا.

ئاھەنگی پێشوازی لە سەرۆکی دەوڵەتی عێراق لە لایەن حوججەتولئیسلام وەلموسلمین حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەتا چەند کاژێرێکی دیکە ئەنجام دەگرێت و دەستبەجێ شاندە فەرمییەکانی ھەردووک وڵات دانوستانە دوو قۆڵییەکانیان دەست پێ دەکەن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەروەھا دیدارێکی تایبەتیشی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران دەبێت و ئینجا دانوستانی دوو قۆلیی شاندەکانی دو وڵات، دانوستانی ھاوبەشی شاندە باڵاکانی ھەردووک لا بە ئامادە بوونی «ئیسحاق جەھانگیری» جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوە دەچێ.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەروەھا لەم گەشتەی دا چاوی بە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیش دەکەوێت و لەگەڵ «موحەممەدباقڕ قاڵیباف» سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران و «عەلی شەمخانی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانی دیدارو وتووێژ دەکات.