ته‌مووز 25, 2020 19:11 Asia/Tehran
  • چوار گرووپ دەتوانن لە هەرێمی کوردستانەوە بێنە نێو ئێران

قائیمقامی مەریوان، ئارتیکاس ئیقباڵ، ئەمڕۆ شەممە 25ی تەمموز، ڕایگەیاند چوار گرووپ لە ئێستادا دەتوانن بچنە ناو ئێرانەوە، بەڵام دەبێت بەڵگەنامەی پێویستیان پێبێت.

 

ئارتیکاس ئیقباڵ بە ئاژانسی میهری وت، "ئەو کەسانەی مۆڵەتی دانیشتنی کاتی، ڤیزای کار، ڤیزای پزیشکی و ڤیزای خوێندنیان هەیە، دەتوانن لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە بێنە ناو ئێرانەوە".

قائیمقامی مەریوان سەبارەت بە دەروازەی سنووریی باشماخ وتی، "تیمی پزیشکی لە دەروازەکە پشکنینی تەندروستیی بۆ گەشتیاران دەکەن، ئەگەر کەسێک نیشانەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی هەبێت، مۆڵەتی پەڕینەوەی لە دەروازەکە پێنادرێت".

ئیقباڵ لەبارەی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ سنوورێک بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام هێشتا لایەنی عێراقی لە چوونەژوورەوەی هەندێک کەس بۆ وڵاتەکەیان، ڕێگریدەکات".

ڕۆژی 23ی تەمموز، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوی ژمارە 44ی ساڵی 2020 بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا باس لە گەشتی هاووڵاتیییان بۆ ئێران کراوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان، کە قوتابین لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ئێران، یان نەخۆشن و پێویستییان بە سەردانی پزیشک لە وڵاتی ئێران هەیە، یان بۆ حاڵەتەکانی بەیەکگەیاندنی خێزان، لە ڕێگای سیستمی ئەلیکترۆنییەوە دەتوانن داواکاری پێشکەشبکەن بۆ گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە".

ڕۆژی 24ی شوبات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بەسەر ئێران.

سەرپەیڤ