خەتیب زادە: ھەمووان دەبێ بە سیاسی کردنی وەرزش سەرکۆنە بکەن
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ھەینی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەنگاوی دوژمنکارانەی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە مەڕ بایکۆتکردنی دیپلۆماسیانەی ئۆلەمپیکی زستانەی پەکین ، وتی: : ھەمووان دەبێ بە سیاسی کردنی وەرزش سەرکۆنە بکەن
«سەعید خەتیب زادە» لە توییتێکدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە بایکۆتی دیپلۆماسیانەی ئۆلەمپیکی ھستانەی پەکین لە لایەن ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی، ھاوتەریبیی ئێران لەگەڵ چینی لە بەرپەرچ دانەوەی شەڕی تێکدانی ڕۆژئاوایەکان ڕاگەیاند.
خەتیب زادە لە توییتەکەی دا نووسیویەتی: چ بایکۆتی دیپلۆماسیانەی ئۆلەمپیکی زستانەی ٢٠٢٢ی پەکین بێت و چ بڕینی دەستی تیپەکانی ئێران لە سەرچاوە دراڤیەکان، ھەر ھەموو ھەنگاوی سیاسین و دەبێ ھەمووان سەرکۆنەی بکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: تاسەمەندی بەشداری لەو کێبەرکێیانەین و ھاوتەریبیی خۆمان لەگەڵ چین ڕادەگەیەنین کە لە ئێستادا کەوتووەتە بەر شەپۆلی شەڕی تێکدان.
ئەمریکاو کۆمەڵێک لە ھاوپەیمانەکانی لەوانە کەنەدا، ئۆسترالیاو بریتانیا لەم دوایەدا ڕایانگەیاندووە یارییەکانی ئۆلەمپیکی ٢٠٢٢ی زستانەی پەکین لە ڕووی دیپلۆماسیەوە بایکۆت دەکەن. بیانووی ئەو کارزەشیان بانگەشەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای «سین کیانگ»ی چینە.