ڕەئیسی: ئێران بەردەوام پشتیوانی لە نەتەوەی یەکگرتوو و حکومەتی بەهێزی عێراق دەکات
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i413230-ڕەئیسی_ئێران_بەردەوام_پشتیوانی_لە_نەتەوەی_یەکگرتوو_و_حکومەتی_بەهێزی_عێراق_دەکات
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە دیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام پێشوازی و پشتیوانی لە نەتەوەی یەکگرتوو و حکومەتێکی بەهێز لە عێراق دا دەکات.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی دووه‌م 29, 2022 12:49 Asia/Tehran
  • ڕەئیسی: ئێران بەردەوام پشتیوانی لە نەتەوەی یەکگرتوو و حکومەتی بەهێزی عێراق دەکات

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە دیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام پێشوازی و پشتیوانی لە نەتەوەی یەکگرتوو و حکومەتێکی بەهێز لە عێراق دا دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «محەممەد شیاع سودانی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرۆکایەتی شاندێکی سیاسی و ئابووری بەمەبەستی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتە تاران.

بەگوێرەی بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار؛ «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەم دیدارەدا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە بەر سەقامگیریی سیاسی و پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێراق، وتیشی: پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق پەیوەندییەکی ناوازەو ھەڵکەوتەیە پتەوبوون و قووڵبوونەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەبێ ببێتە هۆی فراوانبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی ھەڵس و کەوتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ئاراستەی چەسپێندرانی ھەرچی زیاتری سەقام و ئاشتی لە ناوچەکەو جیھاندا.

ڕەئیسی بە جەختکردنەوە لەسەر ئیرادەی ئێران بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، سیاسی، فەرهەنگی و ئەمنیدا،وتیشی: ئێران هەوڵی پەرە پێ دانی ئاڵووێر لە گەڵ عێراق دا دەدات لە بوارە جیاجیاکانی بازرگانی و وزەداو بەرپاکرانی کۆبوونەوەی ڕێکمەندی لێژنەی ھاوکاریی ھاوبەشی نێوان دوو وڵات دەتوانێ ڕۆڵێکی کارا لە وەدی ھاتنی ئەم ئامانجە بگێڕێت.

«محەممەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە دیدارەکەدا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە گەشتەکەی بۆ تاران ئەویش دوای مانگێک لە پێکھاتنی دەوڵەتی تازەی ئەم وڵاتە، وتیشی: ئێران لە بواری ھەڵس و کەوت و پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق جێ و شوێنێکی ھەڵکەوتەو باڵای ھەیەو پەیوەندیەکانی نێوان دوو وڵات بە شێوەیەکی دڵخوازو جێی ڕەزامەندی خەریکی پەرەسەندنە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە، ھێزمەند کردنی لێژنەی ھاوبەشی ھاوکارییەکانی ئێران و عێراق لە ئاراستەی پەرە پێ دانی ھاوکاری و پەیوەندییەکانی بەغداو تاران گەلێک کاریگەرەو بەڕێوەبرانی بەردەوامی کۆبووەنەوەکانی پێویستە.