فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران: هێزە چەکدارەکان بۆ بەرگریی لە وڵات، بەتەواوەتی ئامادەن
فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، وێڕای پێداگریی لەسەر شکستهێنانی دوژمنان لەشەڕی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: دوژمن لەو شەڕەدا، تەنیا شکست، بێهیوایی و سەرلێشواویی دەسکەوت.
سەرلەشکر ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بەئاماژە بە حیساباتی هەڵەی ئەمریکاو رژیمی زایۆنیستی بۆ کۆتایی هێنانی خێرا بە شەڕ، وتی: دوژمن بەو پەڕی توانای سەربازییەوە هاتەمەیدان، بەڵام نەک هەر ئامانجەکانی مسۆگەر نەکرد، بەڵکوو لە بواری سەربازی و لۆجستی، سیاسی و گوفتمانیش شکستی هێنا. فەرماندەی گشتیی سپا بەپێداگریی لەسەر ئامادەیی تۆکمەی هێزە چەکدارەکان وتی: تواناو دەسکەوتەکانی هێزی هەوافەزای سپا، زیادی کردووەو جەنگاوەرە ئازاکانی ئێران بەورەیەکی بەهێز، ئامادەی بەرگرییکردن لە وڵاتن. ناوبراو هەروەها بەئاماژە بە هێزمەندیی هێزی دەریایی و هەوافەزا لە ناوچەدا، جەختی کرد؛ دوژمنان ناوێرن و ناتوانن لە شوێنە ئۆپەراسیۆنییەکانی ئێران نزیک ببنەوە. سەرلەشکر وەحیدی بەئاماژە بەوەی کە سەندنەوەی تۆڵەی خوێنی شەهیدان و سزادرانی دەسدرێژکاران، داواکاریی گەلی ئێرانە، هۆشداریی دا؛ جیهان ئیدی شوێنێکی هێمن نابێ بۆ ئەنجامدەرانی تاوان دژی گەلی ئێران. وەحیدی هەروەها پێی داگرت؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێ شوێنی حەوانەوەو پەناگەیەک بێت بۆ هەموو ئازادیخوازان و لایەنگرانی دادگەریی جیهان. لەهەمان کاتدا، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی هێزی هەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیش وتی: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەنجە لەسەر پەلەپیتکە ئامادەی وەڵامدانەوەن بە هەرچەشنە کردەیەکی دوژمنکارانەی دوژمن. سەردار عەلی بەلالی وتیشی: توانای مووشەکیی ئێران لەباری ژماری مووشەک، دۆخ و ئیمکاناتەوە بەرتەسک نییەو بێتوو فەرمان دەربکرێت، دەکرێ ئەو توانایانە لە جوگرافیای تازەش دەکاربگیردرێ. سەردار بەلالی بەئاماژە بە توانای بەرگریی و ژێرخانە مووشەکییەکانی وڵات پێی داگرت: دوژمنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەکەکانی ئێران بەرەوڕووی کێشەوئاستەنگی جیددیی و تێچووی قورسن. ناوبراو هەروەها یەکڕێزیی جەماوەر، هێزە چەکدارەکان و دەزگەی دیپلۆماسی بە هۆکاری هێزمەندیی و دەسەڵاتی نەتەوەیی زانی و جەختی کردەوە؛ دوژمنان لە دووبەرەکی نانەوەو لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی، بێئاکام دەبن.