دوایین ھەواڵی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن سکاڵایان دژی گێچەڵ و ساختەکاری دەربڕیوە .
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا کۆتایی هات و سەرجەم بنکەکانی دەنگدان داخران.
کاتژمێر ٥ی ئێوارە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان لە تورکیا داخران و جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان دەستیپێکرد. پرۆسەکە کاتژمێر ٨ی بەیانی دەستیپێکرد و لە هەڵبژاردنەکاندا هاوڵاتیانى تورکیا دەنگیان دا بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و ٦٠٠ ئەندامى پەرلەمان.دامەزراوەی ھەڵبژاردنی تورکیا ڕایگەیاندووە "ھەوڵدەدەین ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پێش کاتژمێر ١٢ی شەو رابگەیەنین."
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند " بڕوام وایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان باش دەبێت."
سەزاى تەمەللى هاوسەرۆکى هەدەپەش وتوویەتی "دەمانەوێت ئەمڕۆ یەکەم رۆژى دیموکراسی بێت بۆ تورکیا."
بیناڵی یڵدرم سەرۆک وەزیرانى تورکیاش جەختی کردووە: لەرێگەى ئەم هەڵبژاردنەوە بەرەو ئامانجى سەقامگیر دەڕۆین.
ئینجا لە بەرامبەر ئەم گەش بینیانەدا پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن سەرباری دڵخۆش بوونیان بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ئەوەشیان نەشاردووەتەوە کە لە ڕوودانی پێشێلکاری لە چەند ناوچەیەک دا پەرۆشن و لەم پەیوەندییەدا هەدەپە و جەهەپە بە تێکڕایی ڕایانگەیاندووە: چەندین پێشێلکاری لە شاری رۆحا و شارەکانی دیکەی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا کراوە و بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵایان تۆمارکردووە.
ناوه‌ندیی گشتیی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) ڕایگەیاندووە: له بنکه‌ی ده‌نگدانی خوێندنگه‌ی ئاماده‌یی ئه‌نادۆڵووی گاپ له ناوچه‌ی پرسووس و زۆر بنکه‌ی ده‌نگدانی دیکه به‌کۆمه‌ڵ و به‌ئاشکرا ده‌نگ دراوه.
وتووشیەتی: له دژی ئه‌م پێشێلکارییانه سکاڵایان له‌سه‌ر والیی ڕوحا و هه‌موو کاربه‌ده‌سته‌کان تۆمار کردووە که بێده‌نگن له ئاست ئه‌و ڕووداوانه.
ھەر پەیوەست بەم بابەتە ماڵپەڕی فورات نیوزیش ئاماژەی بەوە کردووە، کە به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ڕوحا به‌کۆمه‌ڵ ده‌نگ درا و هێرش کرایه سه‌ر چاودێران، پارتی گه‌لی کۆماری - جه‌هه‌په سکاڵای له لای ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان تۆمار کردووە.
لەم بارەیەوە سه‌رۆکی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له تورکیا رایگه‌یاندووە که ده‌ستیان به لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی یاسایی و ئیداریی به‌په‌له کردووه، بۆ لێکدانەوەی ئەو ده‌نگۆیانەی که باس له پێشێلکاری له ناوه‌نده‌کانی ده‌نگدان ده‌کەن. ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا رایگه‌یاندوه که راپۆرته‌کانی ئۆپۆزسیۆن سه‌باره‌ت به روودانی پێشێلکاری له پارێزگای ئورفه باس له‌وه ده‌که‌ن کە گوایە خه‌ڵکی ئه‌و شاره گێچه‌ڵیان پێ ده‌کرێت تا ناچار بکرێن ده‌نگ بۆ ئه‌ردۆغان و پارتی دادوگه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار بده‌ن.
ئۆپۆزسیۆنی تورکیا وتویه‌تی ده‌نگی هاوڵاتیان له شاری ئورفه ده‌دزرێن و کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک به‌شێوه‌یه‌کی نایاسایی ده‌نگێکی زۆریان خستوه‌ته سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه.
که‌مال کلیچدار ئۆغڵو، سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌ل که پارتێکی سه‌ره‌کیی ئۆپۆزسیۆنه، دوای ده‌نگدان له ئه‌نقه‌ره وتویەتی: پارتەکەی سکاڵای پێگه‌یشتوه و زانیویه‌تی له باشوری خۆرهه‌ڵاتی تورکیا واته ناوچه کوردییه‌کان پێشێلکاری رویداوه. بە بۆچوونی ناوبراو، هه‌ر پێشێلکارییه‌ک کە له هه‌ڵبژاردنه‌کان روبدات، لە ڕاستی دا گورزێکه کە له دیموکراسییه‌تی وڵاتەکەی دەکەوێت، بۆیه به ئه‌رکی خۆی ده‌زانێ کە هه‌موو هاوڵاتییه‌ک ئاگادار کاتەوەو پێیان بڵێ: بۆ ڕاپەڕاندنی ئه‌رکی خۆتان هه‌ستن.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە عه‌بدولحه‌مید گول، وه‌زیری دادی تورکیا دوای ده‌نگدان له شاری غازی عه‌نتاب له باشوری خۆرهه‌ڵاتی تورکیا ڕایگەیاندووە: هیچ سکاڵایه‌کمان سه‌باره‌ت به رودانی پێشێلکاری پێنه‌گه‌یشتوه.
سەرباری دڵنیایی دانەکەی وه‌زیری دادی تورکیا لەمەڕ ڕوونەدانی ساختەکاری کەچی موحه‌ره‌م ئینجە، کاندیدی پارتی کۆماریخوازی گه‌ل و رکابەری سەرەکیی ئەردۆغان خۆی بۆ شەڕێکی یاسایی ئامادە دەکات و دوای ده‌نگدانی له شاری یلوا-ی نزیک ئه‌سته‌نبوڵ رایگه‌یاندووە: ده‌یه‌وێت بچێته به‌رده‌م کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان له ئه‌نقه‌ره و له‌وێوه چاودێریی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکات.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، به‌پێی هه‌واڵێکی سکای نیوز، هێزه ئه‌منییه‌کانی تورکیا له نزیک بنکه‌یه‌کی ده‌نگدان له شاری ئورفه ئۆتۆمبیلێکیان گرتوه که چه‌ند لیستی ئاماده‌کراوی ده‌نگدانی تێدا بووه و سێ که‌سیشی له‌سه‌ر ئه‌و کاره بۆ لێکۆڵینه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر کردوه.
ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکیی وای بڵاو کردووەتەوە کە، پۆلیسی تورکیا ١٠ کەسی بیانیی پارێزگا کوردییەکانی تورکیادا دەستگیرکردووە ، بەپێی هەندێک سەرچاوەش ئەو کەسانەی دەستگیرکراون چاودێریی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئەنادۆڵو، ئەو کەسانە مۆڵەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانیان نەبووە. بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، سێ کەسی فەڕەنسی لە ئاگری، سێ ئەڵمانی لە شرنا‌خ و چوار ئیتاڵییان لە باتمان و ئامەد دەستگیرکردووە کە هەوڵیانداوە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بکەن. وەک باسیشی دەکرێت ئێستاکە دەستکراوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی ئەو کەسە بیانییانە.
پێشتر ئاژانسی ئەنادۆڵو وای بڵاو کردبووەوە کە، چاودێرانی بیانی هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە و وا دەنوێنن کە هەڵبژاردنەکان نادادپەروەریی تێدایە .
ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتی و پەرلەمانی تورکیا سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە دەستی پێ کراو ھەتا کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەکاتی خۆجێیی بەردەوام بوو.