"یاسای چوارچێوە" پاش ماڕاسۆنی ١٨کاتژمێریی لە کۆمیسیۆنی عەداڵەت پەسەندکرا
https://kurdish.sahartv.ir/news/تورکیا-i445856-یاسای_چوارچێوە_پاش_ماڕاسۆنی_١٨کاتژمێریی_لە_کۆمیسیۆنی_عەداڵەت_پەسەندکرا
پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پاش ١٨ کاتژمێر دانوستان و گرژیی وناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتاران، لە کۆمیسیۆنی عەداڵەتی پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا. ئەو پڕۆژەیاسایە، هەڵپەساردنی لێکۆڵینەوەکان، دادگەییکرانەکان و جێبەجێکرانی بڕیارەکانی پەیوەست بە پەکەکە مەرجدار دەکا بە هەڵوەشانی بەتەواوەتی ئەو پارتە، رادەست کردنی چەک و پشت ڕاست کرانەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و بڕیارە رۆژی دووشەممەی ١٠ی ئاب لە کۆگەی گشتیی پەرلەمان تاووتوێ بکرێ.
(last modified 2026-08-08T14:21:24+00:00 )
ئاب 08, 2026 17:20 Asia/Tehran

پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پاش ١٨ کاتژمێر دانوستان و گرژیی وناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتاران، لە کۆمیسیۆنی عەداڵەتی پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا. ئەو پڕۆژەیاسایە، هەڵپەساردنی لێکۆڵینەوەکان، دادگەییکرانەکان و جێبەجێکرانی بڕیارەکانی پەیوەست بە پەکەکە مەرجدار دەکا بە هەڵوەشانی بەتەواوەتی ئەو پارتە، رادەست کردنی چەک و پشت ڕاست کرانەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و بڕیارە رۆژی دووشەممەی ١٠ی ئاب لە کۆگەی گشتیی پەرلەمان تاووتوێ بکرێ.

بڕگەو مادەکانی پێشنیارکراوی "یاسای چوارچێوە"، ناسراو بە "یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی"، کە پێشکەشی پەرلەمان کراوە، ژێرخانی یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی پەکەکە و گەڕانەوەی ئەندامەکانی ڕێکدەخات. هەروەها ڕاگرتنی لێکۆڵینەوه و دادگاییکردن و جێبه جێکردنی بڕیاره دادەوانییەکانیش تەنیا دوای پشت ڕاست کرانەوەی کۆتایی بوونی کرداریی پەکەکەو گرووپەکانی وابەستەی، مومکین دەبێ.

بەپێی دەقی پەسەندکراوەکە لە کۆمیسیۆن، سەرەتا دەم و دەزگە ئاسایشییەکانی تورکیا دەبێ هەڵوەشانی پەکەکەو ڕادەست کرانی هەموو چەک وچۆڵ، تەقەمەنی و کەرەستەکانی ژێردەستی تاووتوێ و پشت ڕاست بکەنەوە. پاشان، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دەبێ بڕیارێک بدا و تێیدا بڵێ کە ئەو دۆخە پشت ڕاست کراوەتەوەو ئەو بڕیارە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاو بکرێتەوە.

ئەم یاسایە تاوانی وەک ئەندامێتی لە ڕێکخراوەکەدا، هاوکاریکردن بە ئاگاداری و بە مەبەست، ڕیکلامکردن بۆ ڕێکخراوەکە، ئەو تاوانانەی لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا ئەنجام دەدرێن و پارەدارکردن دەگرێتەوە.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سزاکانیش، ئەو سزادراوانەی کە کۆی گشتی سزاکەیان ١٥ ساڵ یان کەمترە، سزای پێنج ساڵیان پێدەدرێت، هەروەها ئەو سزادراوانەی زیاتر لە ١٥ ساڵ زیندانیکردن، زیندانی هەتاهەتایی، یان زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورستریان هەیە، سزای ١٠ ساڵیان بەسەردا دەسەپێندرێ. بڕیاردان لەبارەی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکان لەلایەن دادوەری جێبەجێکردنی سزاکانەوە دەردەچێت.

ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی چالاکییە ڕێکخراوەکاندا بە تاوانی کوشتنی لە ئەنقەست سزا دراون، سوود لەم یاسایە نابینن. هەروەها ئەو تاوانانەی کە پێش 1ی حوزەیرانی 2005 ئەنجامدراون و سزای زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانی هەتاهەتایی قورسیان بۆ بڕاوەتەوە، یاسای ڕاگرتن یان کەمکرانی سزا نایانگرێتەوە. ئەو خاڵانە دەبنەهۆ هەتا ژومارێک بەندکراو و کۆنە ئەندامانی پەکەکە نەتوانن لەو یاسایە سوودمەند بن.

پاش پەسەندکرانی ئەو پرۆژەیاسایە لە کۆمیسیۆن، یاسای چوارچێوە دەبێ لە کۆگەی گشتیی پەرلەمان تاووتوێ بکرێ و دەنگی پێ بدرێ. پێ دەچێ دانوستان و دانیشتنی ئاشکرای پەرلەمان رۆژی دووشەممە ١٠ی ئاب دەس پێ بکا، قۆناخێک کە چارەنووسی کۆتایی یەکێ لە گرینگترین پێشنیارە یاساییەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دیاری دەکات.