ئەردۆغان: ڕژێمی زایۆنی بە درۆ و دنەدان ڕێگری لە ئاشتی دەکات
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنی بە درۆ و دەلەسە و کردەوەی تێکدەرانە هەوڵەکانی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لە دژی ئێران لاواز و ناکارامە دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتیشی: باجی ئەو شەڕەی کە بە پیلانگێڕی و شەڕنانەوەی ڕژێمی زایۆنی دەستی پێکرد، تەنیا خەڵکی ئێران و وڵاتانی دۆست و برای کەنداوی فارس نایدەن، بەڵکو خەڵکی دەرەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باجی ئەم شەڕە دەدەن. ناوبراو پێیداگرت: هەر ئەم درۆ و ئاکارە دنەدەرانە و کردەوە تێکدەرانەکانی ڕژێمی زایۆنیشە کە ناهێڵێ ناوچەکە ڕووی خۆشی و ئارامی و ئاسوودەیی بە خۆیەوە ببینێ.ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشتریش لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردبووەوە کە کابینەکەی بنیامین ناتانیاهۆ شەڕخوازە و عادەتی کردووە بە شەڕ کردن و شەڕنانەوە ئەوەی لە دەستی بێ درێخی ناکات بۆ شێواندنی ئارامی و تێکدانی سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا.