نوێنەری دەم پارتی: لەپرۆسەی ئاشتییدا چەقبەستوویی جیددیی هەیە
مەراڵ دانش بش تاش، نوێنەری دەم پارتی وتی کە پرۆسەی ئاشتی بەرەوڕووی چەقبەستووییەکی بەرچاوەو داوای لە حکومەتی تورکیا کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو بنبەستە، هەنگاوی کردەیی هەڵگرێ.
مەراڵ دانش بش تاش وێڕای لێکدانەوەی دۆخی هەنووکەی پرۆسەی ئاشتی، هەڵوێستی حکومەتی تورکیا و بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکرانی یاسای تایبەتی ئەو پرۆسە، ئاماژەی بە کەمتەرخەمیی بەرپرسان کرد لە هەڵگرتنی هەنگاوە پراکتیکی و کردارییەکان و وتی: بەڕای من، کێشەی سەرەکیی ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسی ناگۆڕدرێ بۆ هەوڵ و هەنگاوگەلی کردەیی و یاسایی.
ناوبراو وتیشی: یاسای چوارچێوە بوونی هەیەو بەرلەوەش ڕاپۆرێک لەلایەن کۆمیسیۆنی پەرلەمانییەوە ئامادەکرابوو؛ بەم حاڵەش، لە هێنانەدی بەستێنێکی یاسایی پێویست، دواکەوتن و سستییەکی جیددیی بەرچاو دەکەوێ.
ئەو نوێنەرەی دەم پارتی هەروەها جەختی کرد: لەئێستادا، بنبەستێکی جیددیی هەیە. بەواتایەکی راستەقینە، تەنیا بە قسەکردن، کەشتی وەڕێ ناکەوێ.