بە درۆ خرانەوەی دانوستانی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا
وەزارەتی نەوتی عێراق، هەرچەشنە دانوستانێکی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیادا بۆ چالاکی نواندن لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەدرۆ خستەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران،وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: ئێلێکساندەر نواک وەزیری وزەی ڕووسیا هیچ وتووێژێکی سەبارەت بە چالاکی نواندنی کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیران و یان کاربەدەستانی وەزارەتی نەوتی ئەم وڵاتەدا نەبووە.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق دا هاتووە: ئەگەرچی وەزارەتی نەوتی ئەم وڵاتە لە ئامادە بوون و هاریکاریی کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان بۆ چالاکی نواندن لە عێراق دا پێشوازی دەکات، بەڵام پێ لە سەر ئەوەش دادەگرێت کە نەوت سامانێکی نیشتیمانییەو لە ئەنجام دا تەواوی گرێبەستەکان دەبێ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و وەزارەتی نەوتی عێراق دا وتووێژی لە سەر بکرێت و ببەسترێت.
لەم بەیاننامەیەدا باسی ئەوەش کراوە کە، هەرچەشنە هەنگاوێکی بە پێچەوانەی ئەم هەل و مەرجە بەم واتایەیە کە تەواوی شوێنهاتەکانی لەوانە بەرپرسایەتییە دراڤی و زیان و لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەو لایەن و کەسانەیە کە تووشی هەڵەشە دەبن.
ئێلێکساندەر نواک وەزیری وزەی ڕووسیا ڕۆژی چوار شەممە لە پەیامێکدا لە توویتێڕدا نووسی بووی دەوڵەتی عێراق نەیاری چالاکی نواندنی کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستانی ئەو وڵاتە نییە.