دۆزرانەوەی ٧١ گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان لە شنگالی عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/عێراق-i359903-دۆزرانەوەی_٧١_گۆڕی_بەکۆمەڵی_ئێزدییەکان_لە_شنگالی_عێراق
فەرمانگەی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: لە کاتی دەست پێکرانی دڕندەکارییەکانی داعش دژی کەمینەی ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ ھەتاکو ئێستا ٧١ گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی شنگالی ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق دۆزراوەتەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 28, 2019 12:14 Asia/Tehran
  • دۆزرانەوەی ٧١ گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان لە شنگالی عێراق

فەرمانگەی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: لە کاتی دەست پێکرانی دڕندەکارییەکانی داعش دژی کەمینەی ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ ھەتاکو ئێستا ٧١ گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی شنگالی ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق دۆزراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا ئەم دامەزراوە دەوڵەتییە لە ھەولێری کوردستانی عێراق بە ڕاگەیاندنی ئەمە ھەواڵە جەختیشی کرد: بە پێی ڕێژوەرگرتن و بەڵگەکان جیا لەم ٧١ گۆڕە بە کۆمەڵە، دەیان گۆڕی تاکەکەسیی دیکەش لە ناوچەی شنگال دۆزراونەتەوەو ناس کراون.

فەرمانگەی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی کوردستانی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە: ھەزارو ٢٩٣ کەس لە ئێزدییەکان ھەر لە ھەمان ڕۆژانی سەرەتای شاڵاوەکانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەواو ناوچەی شنگال کژراون و شەش ھەزارو ٤١٧ ئێزدیی دیکەش بەھۆی تاقمی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێندراون.

بە پێی ئەم ڕێژەیە، لە نێو ئێزدییە ڕفێندراوەکاندا، سێ ھەزارو ٣٧١ کەسیان لە دەستی تاقمی تیرۆریستی داعش ڕزگار کراون و لە بارەی دۆخی ئەوانی دیکە ھیچ زانیارییەک لە بەردەست دا نییە.

بە قسەی بەرپرسانی فەرمانگەی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی کوردستانی عێراق، ئەمە یەکەم ڕێژەی بەڵگەمەندە لە بارەی دڕندەکارییەکانی داعشەوە دژی کەمینەی ئێزدی لە ڕەوتی ھێزشەکانی ئەم تاقمە تیرۆریستە بۆ سەرپارێزگای نەینەوا لە ھاوینی ٢٠١٤ دا.

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاوهاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا هێزەکانی عێراق زۆربەی ناوچەداگیر کراوەکانیان سەندووەتەوە.