کازمی بۆ خلوسی ئاکار : رێگەنادەین خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت
سهرۆک وهزیرانی عێراق رایگەیاند :" لەگەڵ تورکیا لەسەر چارەسەرکردنی هەڕەشەکان لە ناوچە سنوورییەکان هاوڕا بووین".
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازیکرد لە خڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا و وەفدی یاوەری لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسانەی جێی گرنگیی هەردوولان لەگەڵ پتەوکردنی هاریکاریی نێوان هەردو وڵات و هەروەها رێزگرتن لە سەروەری خاکی عێراق کراوە.
هاوکات هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق دوپاتیکردۆتەوە، کە وڵاتەکەی هەر هەڕەشەیەک یاخود "چالاکییەکی تیرۆریستی" لە خاکی عێراقەوە کە تورکیا بکاتە ئامانج، رەتدەکاتەوە.
کازمی ئاماژەی بەوەش کردووە، دەتوانن سوپای عێراق لە هەموو ناوچەکان جێگیر بکەن.
ئەمڕۆ خولووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبوهوه و دواتر گەیشتە ھەولێر و بڕیارە لە گەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانیش کۆبێتەوە .