پاشەکشەی تازەی پەکەکە لە باکووری عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/عێراق-i448342-پاشەکشەی_تازەی_پەکەکە_لە_باکووری_عێراق
 سەرچاوە ئاسایشییەکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە پەکەکە ١٤ بنکە و شوێنی سەقامگیرکردنی هێزەکانی لە ناوچەی ستراتیژیی خاکوورک لە باکووری عێراق چۆڵ کردووە، کە ئەوە لە چوارچێوەی پرۆسەی ناسراو بە تورکیای بێ تیرۆر هەڵدەسەنگێندرێت.
(last modified 2026-11-23T14:43:16+00:00 )
تشرینی دووه‌م 23, 2026 16:12 Asia/Tehran
  • پاشەکشەی تازەی پەکەکە لە باکووری عێراق

 سەرچاوە ئاسایشییەکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە پەکەکە ١٤ بنکە و شوێنی سەقامگیرکردنی هێزەکانی لە ناوچەی ستراتیژیی خاکوورک لە باکووری عێراق چۆڵ کردووە، کە ئەوە لە چوارچێوەی پرۆسەی ناسراو بە تورکیای بێ تیرۆر هەڵدەسەنگێندرێت.

 

پەکەکە لە تازەترین قۆناغی چۆڵکردنی بنکەکانی خۆی لە باکووری عێراق، ١٤ بنکەی دیکەی لە ناوچەی شاخاوی خاکوورک چۆڵ کردووە. سەرچاوە ئاسایشییەکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە ئەم چۆڵکردنانە تا١٨ی نۆڤەمبەر ئەنجام دراوە و بەشێکە لە پێشهاتەکانی هاوپێوەند بە پرۆسەی ناسراو بە تورکیای بێ تیرۆر. ناوچەی خاکوورک لە باکووری عێراق لە نزیکی سنووری تورکیا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی چالاکیی هێزەکانی پەکەکە و لە ناوەندەکانی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا دژی ئەم گرووپە بووە. بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە ٢٤ی سێپتەمبەر بڵاو کرایەوە، هێزەکانی تورکیا ژمارەیەک لەو بنکە و کەمپانەیان ڕادەست کراوە، کە ئەندامانی پەکەکە پاش چەکدانان و پاشەکشە لە چیاکانی گاڕە و مەتینا لە پارێزگای دهۆک چۆڵیان کردووە. بە پێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان لە مانگی سێپتەمبەردا، کاربەدەستانی تورکیا، حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چۆڵکردنی ژمارەیەک لە بنکەکانی پەکەکە و چۆنیەتی دابینکردنی ئاسایشی ناوچە چۆڵکراوەکان لە هەماهەنگیدان. لە چوارچێوەی مەکانیزمی دیاریکراودا، تیمە ئاسایشییەکان پرۆسەی چۆڵکردنی دەیان بنکە، کەمپ، حەشارگە و ئەشکەوتی بەکارهێنراو لە لایەن پەکەکە لە باکووری عێراق لێک دەدەنەوە. دەزگەی هەواڵگریی تورکیایش کە بە میت ناسراوە، بەرپرسیارەتیی لێکدانەوەی مەیدانیی ئەو ناوچانە، دڵنیابوون لە چوونەدەری هێزەکان و بردنەدەری چەک، ئامێری جەنگی و تەقەمەنییەکانیانی لە ئەستۆدایە. ڕاپۆرتەکان ژماری ئەو ناوچانەی کە پێویست بە لێکۆڵینەوەن بە ٧٢ شوێن ڕاگەیاندووە. بەم حاڵەشەوە، بە پێی مەکانیزمی ڕاهێنراو لە لایەن کاربەدەستانی عێراقییەوە، بڕیارە هێزەکانی سنوورەوانیی عێراق و هێزی پێشمەرگە لە چەند بەشێکی ناوچە چۆڵکراوەکاندا سەقامگیر بکرێن، بۆ ئەوەی پێش بە دروستبوونی بۆشاییی ئاسایشی بگیردرێت. ئەم ڕووداو گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە ئەنکارا پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەی بە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئاسایشی خۆی داناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوە تورکییەکان هێشتا وردەکاریی زیاتریان بڵاو نەکردووەتەوە سەبارەت بە ژماری ئەو هێزانەی ناوچەکانیان چۆڵ کردووە، ئەو کەرەستانەی کە ڕاد ەست کراون و هەروەها چارەنووسی ئەو بنکەگەلە. چۆڵکردنی ئەم بنکە و کەمپانە دەتوانێ نیشانەیەک لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سنووردارکردنی چالاکیی چەکدارانەی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا و عێراق بێت، هەرچەندە بە مانای تۆکمەکردنی پرۆسەی چەکداماڵینی ئەم گرووپە نییە.