ئیمامی عەلی(ع)، قوربانیی جاھیلییەتێکی لەبڕان نەھاتوو
پێغەمبەری سەردار(ص) فەرموویەتی: ئەی عەلی، ئەوەی دوژمنایەتیی تۆ بکات لە ڕاستی دا دوژمنایەتیی منی کردووەو ئەوەی خراپەی تۆ بڵێ لە ڕاستی دا خراپەی منی گوتووە.
وەک باسی دەکرێت پێغەمبەری سەردار لە دوایین ھەینی مانگی شەعبان لە خوتبە بەناوبانگەکەی سەبارەت بە پێشوازی کردن لە ڕەمەزانی پیرۆز فەرمووی کە خەڵکینە لەم مانگەدا شەیتانەکان دەبەسترێنەوە لە پەروەردگار داوا بکەن کە بەسەرتاندا زاڵ نەبنەوە. ئیمامی عەلی (ع) دەڵێت : لەم کاتەدا ھەستام و عەرزم کرد ئەی ڕەسوڵی خودا باڵاترین کردار لەم مانگەدا کامانەن؟ فەرمووی: ئەی ئەبەلحەسەن باڵاترین کردار لەم مانگەدا خۆبواردن لە کردەوەگەلێکە کە خوداوەند حەرامی کردوون، لە پاشان پێغەمبەری خودا دای لە پرمەی گریان، عەرزم کرد ئەی ڕەسوڵی خودا چی بووەتە ھۆی گریانتان؟ فەرمووی: ئەی عەلی، لەبەر ئەوەی کە لەم مانگەدا لە تۆ دەقەومێ دەگریم،وای بۆ دەچم لە کاتێکدا کە قامەتی نوێژت دابەستووەو چەتوونترین و چارەڕەش ترین مرۆڤ لە نێوان یەکەم دەستەی مرۆڤەکان ھەتا ئەمڕۆ، کەسێک کە ھاوتەریبی ئەوەیە وا وشترەکەی ھۆزی سەمودی کوشت، لە ناکاو بە زەبری شمشێرەکەی سەروڕیشت شەڵاڵی خوێن دەکات. ئیمامی عەلی دەڵێت: عەرزم کرد ئەی ڕەسوڵی خودا ئەمە لە حاڵێکدا ڕوو دەدات کە لە سەردینی خۆم مکوڕم؟ فەرمووی بێ گومان ئەی عەلی، ئینجا با بشزانی ئەوەی دوژمنایەتیی تۆ بکات لە ڕاستی دا دوژمنایەتیی منی کردووەو ئەوەی خراپەی تۆ بڵێ لە ڕاستی دا خراپەی منی گوتووە.
بەڵێ ئازیزان بەگوێرەی ئەو پێشبینییەی ڕەسوڵی سەردار(ص) سەرەنجام لە ڕۆزی ١٩ی ڕەمەزان دا ئیمامی عەلی(ع) دەبێتە قوربانیی جاھیلییەتی لەبڕان نەھاتووی عەرەبان و بە ھۆی خەواریجێکی مێشک ڕزیو شەڵاڵی خوێن دەکرێت. ئیمامی عەلی دەستبەجێ دوای ئەو ڕووداوە ھەردووک کوڕەکەی واتە ئیمامی حەسەن و ئیمامی حسەین سەلامی خودایان لە سەر بێت ڕادەسپێری ھەتا نەھێڵن خەڵک لە تۆڵەی ئەو تاوانە کابرای خەواریج بکوژن و پێیان دەفەرموێت ئەگەر مام بۆ خۆم دادگایی دەکەم و ئەگەریش نەمام بەس زەبرێکی شمشێری وەک قیساسی ئەو کارەی لێ بوەشێنن و ئەگەر لەو زەبرە شمشێرە بەسەلامەت دەرچوو ئازادەو دیارە ژیانێکی تازەی پێ بەخشراوە.
ئیمامی عەلی(ع) سەرەنجام لە ڕۆژی ٢١ ی ڕەمەزانولموبارەکی ساڵی چلی کۆچیی مانگی بەپلەی بەرزی شەھادەت گەییشت و ئوومەتی ئیسلامیی توشی مەراقێکی ھەتاھەتایی کرد.