ئەستێرەکەی بەڕازیل لە بڕیاری وازھێنان لە یاریگاکان پاشگەز دەبێتەوە
«رۆنالدینیۆ » ئەستێرەی تۆپی پێی بەڕازیل دەیەوێت لە بڕیاری وازهێنانی لەیاریکردن پاشگەز بێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ نێو یاریگاکان.
راپۆرتە وەرزشییەکان باس لەوە دەکەن کە «رۆنالدینیۆ» ئەستێرەی بەڕازیلیی تۆپی پێ دەیەوێت لەبڕیاری وازهێنانی لەیاریکردن پاشگەز ببێتەوەو جارێکیتر لەگەڵ یانەی «جیمناسیا لابلاتا»، کە «دییەگۆ مارادۆنا»ی ئەرژەنتینی سەرپەرشتی راهێنانیان دەکات بگەڕێتەوە ناو یاریگاکان.
«رۆناڵدینیۆ»ی تەمەن ٤٠ ساڵ لەساڵی ٢٠١٥ەوە واتە لەو کاتەوە کە لەگەڵ یانەی «فلۆمینینس»ی بەڕازیلی یاریی دەکرد ئیدی بەشێوەی پڕۆفشناڵ یاریی نەکردووە .
رۆژنامەی «دەیلی مەیڵ»ی بەریتانی لە رۆژنامەی «مارکا»ی چاپی ئەرژەنتینییەوە وای گواستووەتەوە کە، «مارادۆنا» سوورە لەسەر ئەوەی «ڕۆناڵدینیۆ» بێتە ناو تیمەکەیەوە، ئەویش دوای ئەوەی ناوبراو ئامادەیی خۆی بۆ ھاتنە نێو ئەو تیمە دەربڕی.
«رۆناڵدینیۆ» دوای ئەوەی لە ٦ی مارسی رابردوو لەسەر هاتنەناو وڵاتی «پاراگۆئێ» بە پاسپۆرتی ساختە دەستگیرکراو دواتر بە دەستەبەری ١،٦ ملیۆن دۆلار ئازاد کرا، بەڵام هێشتا لەژێر مانەوەی زۆرەملێدایە.
«رۆناڵدینۆ» لە ٢١ ی ئازاری ١٩٨٠ لە«پۆڕتۆ ئەلیگری» لەدایک بووەو لە ئێستادا بەیەکێک لە باشترین یاریزانەکانی تۆپی پێ لە مێژوودا هەژمار دەکرێت.