ئادار 23, 2018 11:43 Asia/Tehran
  • درێژەی تاوانکارییەکانی عەرەبستان لە یەمەن

لەدرێژەی شاڵاوە ئاسمانییەکانی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری ئەمریکی - عەرەبستانی بۆ سەر یەمەن ، دە کەسی سڤیل لە پارێزگای سەعدەی باکووری ئەم وڵاتە بوون بە قوربانی.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ھەینیی ئیرنا بەگێڕانەوە لە دانیشتووانی خۆجێیی و ھێزەکانی فریاکەوتن، فڕۆکەشەڕکەرەکانی سەعودی ڕۆژی پێنج شەممە ماڵێکیان لە گوندی وەلەدعامر دایەبەر ھێرش و لەنێویان برد کە ئەمەش کوژرانی کۆمەڵێک لەوانە چەند ژن و منداڵێکی لێ کەوتەوە.

ھەواڵێکی تر ئەمەیە کە فڕۆکەشەڕکەرە سنووربەزێنەکانی سەعودی دوو جار ناوچەکانی جەبەل شیفان و حووەیمی لە ناوچەی کرش لە پارێزگای لەحەج لە باشووری یەمەنیان بوردومان کردووە.

سەرچاوەکانی یەمەنیش لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلعالەم باسی ھەڵمەتی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی ئەم وڵاتە دژی بەکرێگیراوانی سەعودی لە تەعزیان کردووە کە لە ئەنجام دا کوژران و بریندار بوونی کۆمەڵێک لە لەکرێگیراوانی لێ کەوتووەتەوە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ھەروەھا ھەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەی ئەلحەلقی سەعودی لە پارێزگای نەجرانی باشووری یەمەن کە ئەمەش کوژرانی کۆمەڵێک لە لەشکریانی سەعودی و تێک شکێندرانی ترۆمبیلە زرێدارەکان و بەدیل گیرانی یەک کەس لە سەعودییەکانی لێ کەوتووەتەوە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەو پشتیوانیی ئەمریکاو بریتانیاو فەرانسا لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە. جێگای ئاماژەشە کە عەرەبستان سەرباری ئەو ھەموو زەبروزەنگەی کە بەکاری دێنێ لە یەمەندا کەچی بە ھیچکام لە ئامانجەکانیشی نەگەییشتووە.

سەرپەیڤ