گەڵاڵەی کێشەسازکەری عەرەبستان بۆ قەتەر
بەگەڵاڵەی عەرەبستان بۆ سازکرانی ڕێگایەکی ئاویی لەسنووری زەوینی لەگەڵ قەتەر، ئەو وڵاتە دەبێتە دوورگە.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ سێ شەممەی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن، ژمارێک میدیای عەرەبستانی ڕایانگەیاند: رژیمی ئالی سەعوود بەنیازە لەسنوورە زەوینییەکەی لەگەڵ قەتەر لەناوچەی"سلوا" ڕێگایەکی ئاویی وەک ڕێگای ئاویی سوئێز سازبکات هەتا قەتەر ببێ بە دوورگە.
بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، ناوەندەکانی گەشتیاری، سەیران و وەرزشە ئاوییەکان و هەروەها گەڵاڵە ئابووری و نەوتییەکان لەو ناوچەیە، سازدەکرێ هەتا کێشەو گرفتی زیاتر بۆ قەتەر دروست ببێ. ئەو گەڵاڵەیە جارێ یەکلا نەبووەتەوەو دەگوترێ، نۆ کۆمپانیای سەعوودی لەساڵێکدا ئەو گەڵاڵەیە جێ بەجێ دەکەن.
درێژایی ئەو ڕێگا ئاوییە ٦٠ کیلۆمیتر، پانتاییەکەی٢٠٠مەتر و قووڵاییەکەشی ١٥ هەتا بیست مەترە. تێچووی دروست کرانی ئەو ڕێگائاوییە نزیک دە ملیارد و٨٠٠ملوێن ڕیاڵی سەعوودی مەزەندە کراوە.
لەناوچەی بیاوانیی سلوا هیچ کێوێک نییە کە پێش بگرێ بە لێدرانی ئەو ڕێگا ئاوییە.
عەرەبستان ، ئیمارات، بەحرەین ومیسر لەپێنجی ژۆئەنی٢٠١٧ـەوە لەبەر هاوڕەوت نەبوونی دۆحە لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی بەسەرکردایەتی ڕیاز، قەتەریان بەداکۆکی کردن لە تیرۆریزم تۆمەتبار کرد و پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکانیان لەگەڵ دۆحە پچڕاند. هەروەها ئەو وڵاتانە سنوورە زەوینی، دەریایی و ئاسمانییەکانیان لەگەڵ قەتەر داخست.