ئەمیری قەتەر: دەوحە ھیچ پێش مەرجێک بۆ دانوستان لەگەڵ عەرەبستان قەبووڵ ناکات
شێخ تەمیم بن ئەحمەد ئالی سانی ئەمیری قەتەر ڕۆژی یەکشەممە لە نامەیەک دا بۆ شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح ئەمیری کوەیت باسی ھۆگریی دەوحەی کرد بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی لەگەڵ عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین و میسرو ئینجا پێشی داگرت کە دەوحە تەنیا دانوستانی ڕوون و بێ پێش مەرج قەبووڵ دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا،شێخ تەمیم بن ئەحمەد ئالی سانی ئەمیری قەتەر لەو نامەیەی دا کە بۆ شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح ئەمیری کوەیت ڕەوانەی کردووە پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کە تەنیا بەشداریی کۆبوونەوەیەک دەکات کە ڕوون و ڕاشکاوانە بێت و بە ھیچ پێش مەرجێکیشەوە بەرتەسک نەکرێتەوە.
نامەکەی شێخ تەمیم بن ئەحمەد ئالی سانی ئەمیری قەتەر بۆ ھاوتا کوەیتییەکەی شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح چەند حەوتە دوای ئەوە ناردراوە کە ئەمیری کوەیت لە نامەیەک دا بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی قەتەر،عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین و میسر، داوای چارەسەرکرانی ناکۆکییەکانیان لە نێو ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارسی لێ کردبوون.
عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی (میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین و میسر)لە پێنجەمی ژوئەنی 2017 ەوە لە بەر هاوتەریب نەبوونی دەوحە لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی بە سەرکردایەتیی ڕیاز، دەوڵەتی قەتەریان بە پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم تۆمەتبار کردو پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی خۆیانیان لەگەڵ ئەم وڵاتە پچڕاند. ئەم وڵاتانە هەروەها جیا لە داسەپاندنی بایکۆت بە سەر ئەم وڵاتەدا، سنوورەکانی زەوی و دەریاو ئاسمانی خۆشیان لە ڕووی داخست.
ئەم چوار وڵاتە ٢٣ی ژوئەن،پێڕستێکی داخوازییەکانیان لە ڕێگای کوەیتەوە کرد بە مەرجی دەست پێ کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوحە. لەو داخوازییانەی وڵاتانی بایکۆتکەری قەتەر داخستنی کەناڵی هەواڵیی ئەلجەزیرە، پێچانەوەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە قەتەر، ڕاگیرانی هاوکاریی سەربازیی ئانکارا لەگەڵ دەوحە، دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران، پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێخوانولموسلمین و حیزبوڵڵای لوبنان و خۆیان وتەنی نەمانی پەیوەندی لەگەڵ تاقمە تیرۆریستییەکانە.
کاربەدەستانی قەتەری گەلێک جار وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە داخوازیی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە قەتەر دەبێ گونجاوو شیاوی جێبەجێ کردن بێت ، ڕایانگەیاندووە: ھەر چەشنە ھەوڵدانێک بۆ داسەپاندنی دەستەڵات و سەرپەرشتیاری و یان خۆھەڵقورتاندن لە کاروباری قەتەر جێگای قەبووڵ نییە.
جێگای ئاماژەیە دوای گەشتەکەی مانگی مای 2017 دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستان و واژۆ کرانی پەیماننامەیەکی چەکەمەنیانە لە نێوان واشێنگتۆن و ریاز و هەروەها لێدوانەکەی ترەمپ لە دانیشتنەکەی ڕیاز دا، ناکۆکیی نێوان قەتەرو عەرەبستان و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکە ئاشکرا بوو.