حوزه‌یران 12, 2018 12:21 Asia/Tehran
  • لەقاو درانی هەوڵی عەرەبستان بۆ گەڕاندنەوەی دیکتاتۆری تونس بۆ سەر دەسەڵات

مێدیایەکی تونسی لە قاوی داوە عەرەبستان بەنیازە دەسەڵات بداتەوە بە دەستی دیکتاتۆری هەڵاتووی تونسی.

ماڵپەڕی «رای تونسیه» نووسی؛ سەعودییەکان هەوڵ دەدەن دیسان " زەینولعابدین بن عەلی" دیکتاتۆری هەڵاتوویی ئەم وڵاتە کە ئێستا لەعەرەبستاندایە بێننەوە سەر دەسەڵات.

ئەم ماڵپەرە تونسییە هەروەها نووسیویەتی؛ وەلانرانی "لوتفی براهم" وەزیری ناوخۆی تونس پێوەندی بە دیداری ڕۆژی ٢٥ی فێڤرییەی ڕابردووی لە عەرەبستان بووە.

"جەوهەر بن موبارەک" مامۆستای زانکۆی تونس لەم بارەوە دەڵێ: بە پێی پرۆتۆکۆلەکان، لوتفی براهم" دەبا لەگەڵ هاوتای عەرەبستانی خۆی دیداری کردبایە، بەڵام ئەو جیا لەوەی کە دیداری کرد لەگەڵ هاوتا سەعوودییەکەی، چەندین کۆبوونەوەیشی لەگەڵ "عاڵد جوبەیر"ی وەزیری دەرەوە و ژمارێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی هەواڵگری و ئاسایشی عەرەبستان بەڕێوەبردووە و  ئەو دیدارانەشی بە "یوسف شاهد" سەرۆک وەزیرانی تونس نەوتبوو.

«رای تونسیه» لە درێژەدا جەختی کردووە؛ بێتوو ئەو هەواڵانە راست و درووست بن ، دەبێ بڵێین ئەوا سەعوودییەکان خەریکی پیلانگێڕی دژ بە تونسن و لانیکەم سەبارەت بەم وڵاتە مشور و راوێژیان بۆ لای بنعەلی دەبەن، لە کاتێکدا کە ئەو کەسە لە ژێر پێ و شوێنگریدایە و سەعوودییەکان دەبێ رادەستی تونسی بکەن.

"زەینولعابدین بن عەلی" دیکتاتۆری تونس کە ٢٤ ساڵ دەسەلاتی ئەم وڵاتەی بە دەستەوە بوو، پاش ڕاپەڕینەکەی تونس لە ساڵی ٢٠١١ هەڵات بۆ عەرەبستان و ئێستایش لەو وڵاتەدا دەژی و هەوڵی کاربەدەستانی تونسی بۆ گەڕاندنەوەی تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

سەرپەیڤ