درێژەی پێشێلکرانی ئاشکرای ئاگربەس لە غەززە لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە
سەرچاوە هەواڵییەکان، هەواڵی درێژەی پێشێلی ئاشکرای ئاگربەس و تەقەو دەسڕێژ و بۆردومانی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەو هەروەها هێرشکردنەسەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی لێواری رۆژاوا لەلایەن سوپای رژێمی زایۆنیستییان بڵاو کردەوە.
سەرچاوە خۆجێیەکان و پەیامنێرانی ئامادە لە کەرتی غەززە ڕایانگەیاند، چەکدارانی رژێمی زایۆنیستی ئەمرۆ دووشەممە ناوچە رۆژهەڵاتییەکانی شاری خان یونس لە باشوری ئەو کەرتەیان بەقورسی تۆپباران کرد. ئەو تۆپبارانە هاوکات لەگەڵ تەقەی قورسی ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکانی رژێمی داگیرکەر لە دەورووبەری ناوچەی ئەبووئەلعەجین لە باشوری رۆژهەڵاتی دێرولبەلەح لە ناوەندی غەززە ئەنجامی گرتووە. لەخان یونسیش سەرچاوە پزشکییەکان باسی شەهادەت و برینداربوونی ژومارێک هاووڵاتیی فەلەستینیان کرد لەئاکامی ئەو پەلامارانەدا.
ئەوە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش رایگەیاندووە کە لە دەسپێکی شەڕ لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە تاکوو ئێستا، زیاتر لە ٧٣هەزار کەس شەهید و بەسەدان هەزار کەسیش بریندار و ئاوارە بوون و ژێرخانەکانی غەززە بەشێوەیەکی بەرفراوان وێران و خاپوور کراوە. بەپێی ڕاپۆری میدیاکان، سوپای رژێمی داگیرکەری زایۆنیستی هێرشی کردۆتە سەر کەمپی قەلەندیاو شارۆچکەی حەزما لە باکوور و شارۆچکەی مەخماس لە رۆژهەڵاتی قودسی داگیرکراو هەروەها چەکدارانی زایۆنی لە هێرش بۆسەر قەلەندیا، گەنجێکی فەلەستینیان بریندار کرد.
سوپای داگیرکەری زایۆنیستی هەروەها هێرشی کردۆتەسەر شاری جنین لە باکوری لێواری رۆژاواو شارۆچکەی عەرابە لە رۆژاوای جنین و شارۆچکەی بریزیت لە باکوری رامەڵڵا و لە چەند شوێنێکی ئەو دەڤەرانە جێگیربوونە. ژومارێک لە شارۆچکە نشینانی زایۆنیش هێرشیان کردۆتەسەر ئاوایی تەییبە لە رۆژهەڵاتی رامەڵڵا وتاقمێکی دیکەشیان ڕێگای مەیدانی قەدومیم لە باکوری قلقیلیەیان داخستووە.
سەرەڕای هۆشدارییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەوڵی نێوەندگرانەی میسرو قەتەر، دەسدرێژکارییەکانی رژێمی زایۆنیستی نەک هەر کەمی نەکردووە بەڵکوو لەچەند رۆژی ڕابردوودا بە پەلاماری زەوینیی تازە بۆسەر ئەبووئەلعەجین و خان یونس پەرەشی پێدراوە. ڕێککەوتننامەی ئاگربەس لە کەرتی غەززە کە پاش چەند مانگ شەر و ژینۆساید جێبەجێکرا، هەرلەسەرەتاوە بەرەوڕووی پێشێلی بەردەوامی رژێمی زایۆنیستی بوویەوە. سەرچاوە فەلەستینیەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوپای داگیرکەری زایۆنیستی رۆژانە ئەو رێککەوتنە بن پێ دەکاو تاوانکارییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی غەززەو لێواری رۆژاوا بەردەوام دەکا.