حیزام ئەسەد: گەلی یەمەن لە کۆنترۆڵکردنی بەتەواوەتی بابولمەندەب، سەرکەوتنی مێژووییان بەدەستهێنا
ئەندامی مەکتەب سیاسیی حکومەتی یەمەن وتی: دابینکرانی ئاسایشی بابولمەندەب و بەڕێوەبەرایەتی و کۆنترۆڵی بەتەواوەتی هێزە یەمەنییەکان بەسەریدا، سەرکەوتنێکی مێژووییە بۆ گەلی یەمەن.
حیزام ئەسەد ئەندامی مەکتەب سیاسیی حکومەتی یەمەن پێی داگرت، کۆنترۆڵ و چاودێریی بەتەواوەتی هێزە یەمەنییەکان بەسەر بابولمەندەبدا، هەنگاوێکی ستراتژییە لەئاراستەی بەهێزکرانی ئاسایش و سەلامەتی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و هەروەها شکستێکە بۆ پلانەکانی عەرەبستان و لایەنگرانی لە دەسدرێژیی کردنەسەر گەلی یەمەن.
"زەیفوڵڵا ئەششامی" کاربەدەستێکی دیکەی یەمەنیش ڕایگەیاند؛ ناوچەی ستراتژیکی بابولمەندەب پاش شکستهێنانی قورسی دوژمن، بەتەواوەتی هێمن بووە. ئەششامی پێی داگرت؛ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە، پیشاندەری گۆڕانی هاوکێشەکان لەناوچەو بێ ئاکامبوونی لایەنی بەرامبەرە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی. لەهەمان کاتدا، وتەبێژی سوپای یەمەن ڕایگەیاند: هێزە چەکدارەکان توانیان بەکرێگیراوانی سەعودی سەربە ئەفسەری سەعودیی بەدر ئەلحەربی لە سەربازگەی "قەعوە" و شوێنەکانی دەورووبەری لە پارێزگای لەحج، بە شەش مووشەکی بالستی بکەنە ئامانج. یەحیا سەریع هەروەها وتی: فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خالیدو سەنتەری دراڤیی ریازی پایتەختی دوژمنی سەعودیمان بە دوو مووشەکی بالستیک، مووشەکباران کرد.