هۆشداریدانی خاچی سوور لەبارەی دۆخی شپرزەی ژێرخانەکانی غەززەو ڕوودانی کارەساتی مرۆیی
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i448368-هۆشداریدانی_خاچی_سوور_لەبارەی_دۆخی_شپرزەی_ژێرخانەکانی_غەززەو_ڕوودانی_کارەساتی_مرۆیی
لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی دۆخی شپرزەی نیشتەجێبوون و ژێرخانەکان لە کەرتی غەززە، هۆشداریی دا. پەلاماری درۆنیی سوپای داگیرکەری زایۆنیستی بۆسەر رۆژاوای خان یونسیش، سێ شەهیدی لێکەوتەوە.
(last modified 2026-11-24T14:44:54+00:00 )
تشرینی دووه‌م 24, 2026 16:11 Asia/Tehran
  • هۆشداریدانی خاچی سوور لەبارەی دۆخی شپرزەی ژێرخانەکانی غەززەو ڕوودانی کارەساتی مرۆیی

لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی دۆخی شپرزەی نیشتەجێبوون و ژێرخانەکان لە کەرتی غەززە، هۆشداریی دا. پەلاماری درۆنیی سوپای داگیرکەری زایۆنیستی بۆسەر رۆژاوای خان یونسیش، سێ شەهیدی لێکەوتەوە.

 

لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ڕایگەیاند؛ بە سەرنجدان بەوەی کە زۆربەی دانیشتوانی غەززە لە خێمەی کۆن و ڕزیو و بینا وێرانکراوەکاندا دەژین کە لە هەر ساتێکدا مەترسی داڕمانیان لەسەر خەڵک هەیە، هەوڵی خێرا و بەپەلە بۆ دابینی نشینگەو کەرەستەی حەوانەوەی پتەوتر لەو ناوچەدا، پێویستە.

لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور هەروەها بەئاماژە بە پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر ژێرخانە شارییەکان لەوان تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕ سەبارەت بە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی لە وەرزی زستاندا هۆشداریدا .

لە لایەکی دیکەوە لەئاکامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کە ئەمڕۆ لەلایەن سوپای رژیمی زایۆنیستییەوە بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیسی ڕۆژئاوای شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە ئەنجامی گرت، سێ فەلەستینی شەهید و سێی دیکەش برینداربوون. دوێنێش لە ئاکامی پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی غەززە، پێنج کەس لەوان کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە ناسراو بە ئانرۆا، شەهید بوون.

هەروەها سوپای داگیرکەری زایۆنیستی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرولبەلەح و غەززەی بەقورسی تۆپباران کرد.

بازنەی پەلاماری داگیرکەران بۆسەر ناوچە ئاوەدانەکان بە پێشێلکردنی ئاگربەست، بۆ خێمەی ئاوارەکان و ماڵەکانیان لە باکووری شاری غەززەش بەرفراوان بۆوەو وێکەوتنی گولـلە لە خێمەکانی شوێنی حەوانەوەی خێزانە فەلەستینیەکان، ئەوانی ناچار کرد ناوچەکە جێ بێڵن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە، کۆی گشتی شەهیدانی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە گەیشتووەتە ٧٤ هەزار و ٧٤٦ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١٧٦ هەزار و ٢٣٤ کەس.

لە کاردانەوە بە بەردەوامیی دەسدرێژیی هێزە داگیرکەرەکان، بزووتنەوەی حەماسیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کردەوەکانی دوژمنی زایۆنی بەشێکە لە سیاسەتێکی ئامانجدار بۆ پیسکردنی ژینگە و ئاوارەکردنی زۆرەملێی خەڵکی فەلەستین لە سەرزەوینەکەیان.

بزووتنەوەی حەماس هەروەها جەختی کرد؛ ئێمە خوازیاری دادگەییکرانی دوژمنی داگیرکەر و سەرکردەکانی لە دادگەی نێودەوڵەتیی دادەوانی و دادگەی نێودەوڵەتیی سزاین و داوا دەکەین لێپرسینەوەیان لێ بکرێ و پێش بگیردرێ بە خۆدزینەوەیان لە سزادران.