دانیشتنی سێ لایەنەی ئێران، ڕووسیاو تورکیا لە ئاستانە
دانیشتنی سێ لایەنەی ئێران، ڕووسیاو تورکیا وەک وڵاتانی دەستەبەرکەری ئاگربڕ لە سووریا لە حەوتەمین خولی دانوستانەکانی ئاستانە لە پایتەختی قەزاقستان بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، حوسێن جابری ئەنساری وتووێژکاری باڵای ئێران لە دانوستانەکانی ئاستانە، ئەلەکساندر لاڤرێنتێف نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری سووریا، سەدات ئونال یاریدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لەو دانیشتنە سێ قۆڵییە لەبارەی بەڵگەو سەنەدی جێی باس لەو خولەی دانیشتنی ئاستانە، وتووێژیان کرد.
سەنەدی هەڵگرتنەوەی مین بەئامانجی مرۆیانەو پاراستنی ئاسەوارەکانی کەلەپووری سووریاو هەروەها سەنەدی ئاڵووێری قۆڵبەست کراوان، رفێندراوان و تەرمی کوژراوان لەوێنەی سەنەدەکانی جێی باس لە حەوتەمین خولی دانوستانەکانی ئاستانەیە.
شاندی وتووێژکاری ئێران لە دانوستانەکانی ئاستانە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممەش بەجیا لەگەڵ شاندەکانی سووریا و ڕووسیا دیدار و وتووێژی کرد.
ئەوە، دوادانیشتنی شاندەکانی بەشداری خولی حەوتەمی دانوستانەکانی ئاستانەیە، و سبەی سێ شەممە دانوستانی دوو قۆڵی و سێ قۆڵیی بەردەوام دەکرێ.
ڕەوتی ئاستانە، لەسەر دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، ڕووسیاو تورکیا بەئامانجی چارەسەریی سیاسیی قەیرانی سووریا پێکهاتووەو تائێستا شەش خولی دانوستانی سووری-سووری لە ئاستانەی پایتەختی قەزاقستان بەڕێوە چووە.