١٤٠٠ مامۆستای وانەبێژی عەفرینی چاوەڕوانی بڕیاری فەرمین بۆ دەسبەکارکردن
نزیک بە هەزار و چوارسەد مامۆستای وانەبێژی خەڵکی عەفرین لە سووریا کە گەڕاونەتەوە ئەو ناوچەو هەروەها دەرچووانی ناوەندە فێرکارییەکانی ژێر چاودێریی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، چاوەڕوانی دەرکرانی بڕیاری فەرمیی وەزارەتی پەروەردەی سووریان بۆ ئەوەی دەس بەکارەکەیان بکەن لە خوێندنگەکاندا.
بەقسەی ئەو مامۆستایانە، تائێستا تەنیا ١٥٣ مامۆستا خراونەتەنێو پرۆسەی تێکەڵکران، بەڵام ئەو کەسانەش لە قوتابخانەکان دەستیان بەکار نەکردووەو تەنیا مووچە وەردەگرن.
مامۆستایانی عەفرینی پێیان داگرت، کێشەی سەرەکی لە دیمەشقەو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی عەفرین تەنیا ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەکا کە لە دیمەشقەوە ڕادەگەیێندرێن.
ئەو مامۆستانە دەڵێن، بەڕەسمییەت نەناسرانی بڕوانامەو بەڵگەی دەرچووانی ناوەندەکانی فێرکاری و زانکۆکانی بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، یەکێکی دیکە لە کێشەکانیانە. ئەوان هەروەها لەبارەی شوێنهاتەکانی ئەو دۆخە لەسەر قوتانیانیش رایانگەیاند، ئەو خوێندکارانەی چەندین ساڵ بە زمانی کوردیی دەرسیان خوێندووە، ئێستا لە عەفرین بەزمانی عەرەبی پەروەردە دەکرێن و ئەو گۆڕانە، کێشەی زۆری بۆ ئەوان دروست کردووە. هەروەها سەنەدەکانی خوێندنی ئەو خوێندکارانەش بەرەسمییەت ناناسرێ و ئەوان ناتوانن خوێندن لە زانکۆکانی سووریا بەردەوام بکەن.