بەدرۆخرانەوەی دەور بینینی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا لە هێرش بۆسەر "ئیدلەب"ی سووریا
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، ئامادەبوونی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە لەهێرش بۆسەر ئیدلەبی سووریای ڕەت کردەوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی شین هۆوا، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا دوێنێ هەینی بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک تۆمەتی دەوردیتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە لە پەلامارە ئاسمانییەکانی پارێزگای ئیدلەبی سووریا کە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، ڕەت کردەوە.
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، ڕاپۆرەکانی چاودێری مافی مرۆڤ و هەروەها هێزە فریاگوزارە ناحکومەتییەکان کە ڕووسیا بە بەرپرسی ئەو چەشنە پەلامارە مەرگهێنانە دەزانن، بەناواقعی زانی.
گرووپی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا جێگیر لە لەندەن، پێشتر لەڕاپۆرێکدا ئیدیعای کردبوو، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆسەر ئاواییەک لە پارێزگای ژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستان لە ئیدلەب ڕۆژی پێنج شەممە حەوتی ژۆئەن لانیکەم حەوت کوژراو و ٤٤ برینداری لێکەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرەکان، پەلامارە ئاسمانییەکانی سەر پارێزگای ئیدلەبی سووریا ، مەرگهێنترین پەلامار لە سووریا لەمساڵی زایینی(٢٠١٨) بووە.