شوبات 28, 2021 07:37 Asia/Tehran
  • دیمەشق: ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا پێشێلکرانی جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکانە

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سووریا وێڕای ناردنی نامەیەک بۆ سکرتێری گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشت، ھێزشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی سووریای بە پێشێلکرانی بڕگەکانی یاسای نێونەتەوەیی و جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان نرخاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی دەوڵەتی سووریا«سانا»، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سووریا لەم نامەیەدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشتی کرد کە ئەرکەکانی لەمەڕ پاراستنی ئاشتی و  ئاسایشتی نێونەتەوەیی ڕاپەڕێنێ و ئینجا لەم دامەزراوە نێونەتەوەییەی ویست، ھەنگاوێکی خێرا لە ئارستەی پێشگرتن بە ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی سووریاو دووپات نەبوونەوەیان، ھەڵگرێت.

«بەسام سەباغ» نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش لە لێدوانێکدا ڕوو لە ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان وێڕای ڕەخنەگرتن لە ھەنگاوەکانی داگیرکەرانی ئەمریکی لەم وڵاتە ڕایگەیاند: ڕەوشتی مرۆڤیی سووریا بە ئەنقەست بە ھەند ناگیردرێت.

لە نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریادا ھاتووە: ئەم دەست درێژکارییە ئاشکرایە ئاڵقەیەکی تازەی زنجیرە دەست درێژکاریە بەردەوامەکانی ئەمریکا بە بیانووی پوچەڵ و ھێندێک پاساس پڕلەشەرمە کە بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ چەواشەکاری لە بارەی سنووربەزاندنەکانیان باسی دەکەن. دیارە ئەم دەست درێژکاریە لەگەڵ ئەو ڕۆڵەی وا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەکو ئەندامێکی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشت دەیگێڕێت، یەک ناگرێتەوە، ئەنجومەنێک کە بەرپرسی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشتی نێونەتەوەییە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە نامەکەی دا جەختی لەوەش کردەوە کە، ئەو دەست درێژکارییانەی ئەمریکا شوێنھاتی وای لێ دەکەوێتەوە کە ڕەوشتی نالەباری ناوچەکە زیاتر پەرە پێ دەدات، چونکو ئەمە دەبێتە پێوەرێکی نەرێنی لە بارەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تازەی ئەمریکا کە بڕیارە پابەندی ڕەوایەتیی نێونەتەوەیی، یاساو ڕێسا نێونەتەوەییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشت لە بارەی پارێزرانی سەروەری و دەستەڵات و سەربەخۆیی کۆماری عەرەبیی سووریا بێت.

جێگای ئاماژەیە وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا سەرلەبەیانیی ڕۆژی ھەینی ڕایگەیاند:ئەم وڵاتە بە فەرمانی «جۆ بایدێن» مۆڵگەی تاقمە خۆڕاگرەکانی لە ڕۆژھەڵاتی سووریا بوردومان کردووە.

 

سەرپەیڤ